سەرکۆماری ئەفغانستان: ئێران بۆی نییە ڕێوشوێنمان بۆ دیاری بکات

 سەرکۆماری ئەفغانستان: ئێران بۆی نییە ڕێوشوێنمان بۆ دیاری بکات
سەرکۆماری ئەفغانستان لە دیدارێکدا لەگەڵ گەنجانی وڵاتەکەی بە توندی هێرشی کردە سەر بەرپرسانی ئێران و ڕەخنەی توندی لە بەرپرسانی ئێرانی گرت و گوتی ئەوان بۆیان نییە ڕێوشوێن بۆ ئێمە و چارەنووسمان دیاری بکەن.



دوێنێ شەممە، 2019.2.23 کۆشکی سەرکۆماریی ئەفغانستان، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، "محەممەدئەشرەف غەنی"، سەرکۆماری ئەو وڵاتە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کۆمەڵێک لە لاوانی ئەفغانی لە کۆشکی سەرکۆماری، بە توندی ڕەخنەی لە دەستێوەردانەکانی حکوومەتی ئێران لە کاروباری نێوخۆییی ئەفغانستان گرتووە و ڕایگەیاندووە: پاکستان و ڕووسیا و بەتایبەت ئێران، بۆیان نییە دەستێوەردان لە کاروباریی نێوخۆیی ئەفغانستاندا بکەن.



ئەشرەف غەنی، لە بەشێکی وتارەکەیدا بە شێوەی ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بە بەرنامە و پرۆژە داڕێژراوەکانی حکوومەتی ئێران بۆ گرووپی تاڵەبان کرد و گوتی: "سەرکۆماری ئەفغانستان تەنیا ئەفغانەکان هەڵی دەبژێرن، ئیسلام‌ئاباد و تاران و مسکۆ مافی ئەو هەڵبژاردنەیان نییە. ئەوانەی کە لە بەرانبەر خەڵکدا تووشی دڵەڕاوکێ بوون، قسە لە حکوومەتێکی کاتی دەکەن، پرۆژەی دەرەکی و داڕێژراوی دەرەوەی ئەفغانستان لەم وڵاتەدا بێ‌ئاکامە".



سەرکۆماری ئەفغانستان، لە بەشێکی‌تری قسەکانیدا باسی لەوە کردووە: ئاشتی بەڕێوەیە و ئەفغانییەکان و ئەفغانستان نایانەوێت لە ڕابردوودا بمێننەوە و ژیان ببەنە سەر، ئێمە وڵاتانی جیهانمان بە ئاشتی و تەبایی قانع کردووە.



پێشتریش، شاحوسێن مورتەزەوەی، گوتەبێژی سەرکۆماریی ئەفغانستان، لە هەمبەر دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری نێوخۆییی وڵاتی ئەفغانستان، بە توندی دژکردەوەی نیشان دا و ناڕەزایەتیی خۆی و کاربەدەستانی وڵاتەکەی دەربڕی.



بەڕای شارەزایانی و شرۆڤەکارانی سیاسی دەستێوەردانەکانی ئێران لە کاروباری ناوخۆیی ئەفغانستان و پاڵپشتیکردن لە گرووپی تێرۆریستیی تاڵەبان کە سیاسەتەکانی ئێران لەو وڵاتە بەڕێوە دەبات، جیا لە ڕەخنە و دژکردەوەی بەرپرسانی ئەفغانستان، ناڕەزایەتی و دژکردەوەی چالاکانی سیاسی، ڕۆژنامەنووسان، خوێندکاران و توێژەکانی دیکەی ئەفغانی لێ کەوتووەتەوە.






باسنيوز
Top