هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی نایجیریا بە 72 کاندیدەوە دەستی پێکرد

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی نایجیریا بە 72 کاندیدەوە دەستی پێکرد
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی نایجیریا بە 72 کاندیدەوە دەستی پێ کرد و چەند تەقینەوەیەکیش روویان دا.

بڕیار بوو رۆژی 16-2-2019، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی نایجیریا بە بەشداریی 72 کاندید، بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی مەترسییەکانی تیرۆر، هەڵبژاردنەکە دواخرا بۆ ئەمڕۆ شەممە 23-2-2019.

بەپێی هەواڵی ئاژانسە جیهانییەکان، کاتژمێر 6ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە چەند تەقینەوەیەک لە شاری مایدوگۆری روویان دا و تا ئێستا هۆکار و ژمارەی قوربانییەکان دیار نییە.

ئەگەرچی لەو هەڵبژاردنەدا 72 کەس هەوڵی بوون بە سەرۆکی نایجیریا دەدەن، بەڵام چاودێران پێیان وایە رکابەریی راستەقینە لەنێوان محەمەد بوخاریی سەرۆکی ئێستا و عەتیق ئەبوبەکر، کاندیدی پارتی گەلی دیموکراتیی ئۆپۆزیسیۆن دایە.

نایجیریا وڵاتێکی ئەفریقییە و کەوتووەتە رۆژئاوای ئەو کیشوەرە. گەورەترین وڵاتی ئەفریقاییە لەڕووی ژمارەی دانیشتوان، کە بریتییە لە 174 ملیۆن کەس.

بەگشتی دانیشتوانی نایجیریا لە مسوڵمان و مەسیحین، کە مسوڵمانەکان لە باکوور و باشووری رۆژئاوا و مەسیحییەکانیش لە باشوور و ناوەڕاستی وڵاتەکە جێگیر بوون.

گرووپی بۆکۆحەرام، گرووپێکی توندڕەو و تیرۆریستیی نایجیریایە و هۆکاری زۆرینەی تەقینەوە و کردە تیرۆریستییەکانی ئەو وڵاتەیە.










باسنيوز
Top