ترەمپ هۆشداری دەداتە سوپای ڤەنزوێلا

ترەمپ هۆشداری دەداتە سوپای ڤەنزوێلا
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هۆشداری دەداتە سوپای ڤەنزوێلا لە ئەگەری رێگریكردنیان لە گەیشتنی یارمەتیە مرۆییەكانی وڵاتەکەی بە خەڵکی ڤەنزوێلا.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رایگەیاند، هێزە سەربازیەكانی ڤەنزوێلا كە پشتگیری لە نیكۆلاس مادورۆ، سەرۆكی ڤەنزوێلا دەكەن بۆ مانەوەی لە دەسەڵات، ژیان و داهاتوی خۆیان دەخەنە مەترسیەوە، ئەگەر رێگری لە گەیشتنی هاوکاریە مرۆییەکان بکەن.

ترەمپ لە لێدوانێكیدا بۆ ژمارەیەكی زۆر لە پەنابەرانی ڤەنزوێلا و كوبا لە وڵاتەكەی وتی، تا ئێستاش هێزی سەربازی ڤەنزوێلا پشتیوانی لە نیكۆلاس مادورۆ، سەرۆكی ڤەنزوێلا دەكەن، راشیگەیاند، لە ئەگەری رێگریكردن لە یارمەتیە مرۆییەكان بۆ ناو ڤەنزوێلا، هێزی سەربازی ئەو وڵاتە ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسیەوە و داهاتویان نادیار دەبێت.

لە ئەگەری رێگریكردن لە یارمەتیە مرۆییەكان بۆ ناو ڤەنزوێلا، هێزی سەربازی ئەو وڵاتە ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسیەوە

لەبارەی رێگریكردنی سوپای ڤەنزوێلا لە یاریمەتیە مرۆییەكان ترەمپ وتی، "جێگەیەكی ئارام و رێگەیەك دەربازبون نادۆزنەوە و بە ئاسانیش ناتوانن رابكەن، هەموو شتێكتان لەدەستدەدەن".

سەرۆکی ئەمریکا داوادەكات بە شێوەیەكی ئاشتیانە دەسەڵات لە ڤەنزوێلا رادەستبكرێت.

نیكۆلاس مادورۆ-ی تەمەن 56 ساڵ، لە ماوەی شەش ساڵی سەرۆكایەتیدا، روبەروی گەورەترین ئاڵنگاری بوەتەوە پاش ئەوەی رۆژی 24ی كانونیی دوەمی 2019، بەرەی ئۆپۆزسیۆن-ی وڵاتەكەی دژی وەستانەوە و خوان گوایدۆی سەرۆكی پەرلەمان خۆی وەكو سەرۆكی كاتی ڤەنزوێلا ناساند.

ساڵی رابردو هەریەک لە وڵاتانی ئەمریکا و کەنەدا و ژمارەیەکی دیکەی وڵاتانی ئەمریکای لاتین ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ڤەنزوێلایان رەتکردەوە، کە تیایدا ماوەی دەسەڵاتی سەرۆکایەتی مادورۆی درێژ دەکردەوە.

ڤەنزوێلا ئەندامە لە رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکارانی نەوت (ئۆپیک)دا و ئەو وڵاتانە دانیاننا بە خوان گوایدۆدا وەکو سەرۆکی وڵاتەکە لە رێکخراوەکەدا.

مادورۆ تا ئێستادا پشتیوانی روسیا و چین و تورکیای هەیە و لە ماوەی رابردودا وەزارەتی دەرەوەی روسیا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد سەنگ بخەنە سەر چارەسەرکردنی کێشە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانی ڤەنزوێلا لە جیاتی ئەوەی دەست بخەنە کاروباری وڵاتەکەوە.





خەندان
Top