خوان گوایدۆ هەڵوێستی خۆی لەبارەی دەستوەردانی سەربازیی ئەمریکا راگەیاند
خوان گایدۆ، سەرۆکی پەرلەمانی ڤەنزوێلا، کە خۆی وەک سەرۆکی کاتیی وڵاتەکەی ناساندووە، بە ئاژانسی (فرانس پرێس)ی راگەیاندووە، ئامادەیە لەپێناو پاراستنی گیانی خەڵکی وڵاتەکەی، هەموو کارێک بکات.
خوان گوایدۆ هەروەها رایگەیاندووە، پرسی دەستوەردانی سەربازیی ئەمریکا زۆر لەخۆی هەڵدەگرێت و مقۆمقۆی زۆر دروست دەکات، بەڵام بۆ پاراستنی سەروەریی ڤەنزوێلا، ”ئەوەی پێویست بێ دەیکەین“، وەک ئاماژەیەک بۆ رازیبوونی بە دەستوەردانی سەربازیی ئەمریکا.
دوای خۆناساندنی وەک سەرۆکی کاتی، بەشێکی هیزە چەکدارەکانی ڤەنزوێلا پاڵپشتیی خۆیان بۆ سەرۆکی کاتیی وڵاتەکەیان راگەیاند و ئەمریکاش وێڕای دەربڕینی پاڵپشتی بۆ گوایدۆ، داوای لە نیکۆڵاس مادۆرۆی سەرۆکی وڵاتەکە کردووە، دەستبەرداری سەرۆکایەتی بێت و روو لە دەرەوە بکات.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 23-1-2019، خوان گوایدۆ، سەرۆکی پەرلەمانی ڤەنزوێلا خۆی وەک سەرۆکی وڵاتەکەی بە وەکالەت ناساند و رایگەیاند، نیکۆڵاس مادۆرۆ چیتر سەرۆکایەتیی وڵات ناکات.
تا ئێستا وڵاتانی ئەمریکا، رێکخراوی وڵاتانی ئەمریکا، بەرازیل، پاراگوای، کۆڵۆمبیا، کەنەدا، پیرۆ، یەکێتیی ئەوروپا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئیسپانیا، سوید، نەمسا و دانیمارک پشتگیریی خوان گوایدۆ دەکەن و وڵاتانی مەکسیک، کوبا، رووسیا، تورکیا و ئێرانیش تەنیا نیکۆڵاس مادۆرۆ بە سەرۆک دەزانن.
باسنیوز
