حەوت وڵاتی عەرەبی و رۆژئاوایی بەیاننامەیەکی هاوبەش لەبارەی سووریا دەردەکەن

 حەوت وڵاتی عەرەبی و رۆژئاوایی بەیاننامەیەکی هاوبەش لەبارەی سووریا دەردەکەن
حەوت وڵاتی عەرەبی و رۆژئاوایی بەیاننامەیەکی هاوبەش لەبارەی دۆخی سووریا و چارەسەرکردنی شەڕی ناوخۆیی لەو وڵاتە، دەردەکەن.



رۆژی چوارشەممە 6-2-2019، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی فەرەنسا، ئوردن، ئەمریکا، سعودیە، میسر، ئەڵمانیا و بەریتانیا لە بارەی بارودۆخی سووریا و چارەسەرکردنی شەڕی ناوخۆیی ئەو وڵاتە، لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا، کۆ بوونەوە.



وەک لە بەیاننامەیەکدا هاتووە، وەزیرانی دەرەوەی ئەو شەش وڵاتە پاڵپشتیی خۆیان بۆ ”چارەسەری سیاسی“ی شەڕی ناوخۆیی سووریا لەچوارچێوەی بڕیاری ژمارە 2254ـی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، دەربڕیوە.



وەزیرانی دەرەوەی ئەو حەوت وڵاتە، جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە شەڕی ناوخۆیی سووریا بەڕێگای سەربازی چارەسەر نابێت، بگرە ئاگری شەڕەکە خۆشتر دەکات.



ئەو وڵاتانە پشتگیریی خۆیان بۆ هەوڵەکانی گێیر پیدەرسۆن، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا دەربڕیوە.



بڕیاری ژمارە 2254 لە 18-12-2015 لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی درا، کە تێیدا داوا کراوە چەند هەنگاوێک لەدوای یەک، لە سووریا ئەنجام بدرێن، کە بریتین لە:



- راگرتنی دەستبەجێی شەڕ (جگە لە شەڕی دژی گرووپە تیرۆریستییەکان).

- ئۆپۆزیسیۆن و ژێمی سووریا دەست بە دانوستاندن بکەن.

- ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ”پاک و ئازاد“ لەماوەی 18 مانگ، لە سووریا.



لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.



بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، جگە لە وێرانبوونی بەشێکی زۆری شار و ناوچەکان، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیھان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.



باسنيوز
Top