كەتەلۆنیەكان لەنێو یاریگادا ریفراندۆمی سەربەخۆیی دووبارە دەكەنەوە

 كەتەلۆنیەكان لەنێو یاریگادا ریفراندۆمی سەربەخۆیی دووبارە دەكەنەوە
ئێوارەی ئەمڕۆ و بەر لە چەند كاتژمێرێك لە دەستپێكی یاری كلاسیكۆی نێوان یانەی بەرشلۆنەی كەتەلۆنی و مەدریدی ئیسپانی، سەركردایەتی سیاسیی كەتەلۆنیا داوایان لە جەماوەری یانەكە كردووە لەنێو یاریگادا ریفراندۆمی سەربەخۆیی كەتەلۆنیا دووبارە بكەنەوە.


"لیژنەی بەرگریی كۆماری كەتەلۆنیا" لە بەرشلۆنە راگەیاندراوێكی بڵاو كردووەتەوە و هاندەرانی یانەی تۆپی پێی بەرشلۆنەی هان داوە بۆ ئەوەی لە یارییەكەی یانەكەدا بەرانبەر یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، كە بە سیمبۆلی دەوڵەتی ئیسپانی دەبیندرێ، زۆرترین ئاڵای كەتەلۆنیا بەرز بكەنەوە و پێشانی جیهانی بدەن كە كەتەلۆنیەكان سوورن لەسەر داوای سەربەخۆیی.


سبەی چوارشەممە لە یاریگەی كام نوو لە بەرشلۆنە یاری چوونی پێش كۆتایی جامی شای ئیسپانیا لە نێوان یانەكانی بەرشلۆنە و ریال مەدرید بەڕێوەدەچێت.


لەمبارەوە ڕۆژنامەی "ماركا"ی ئیسپانی بڵاوی كردووەتەوە كە سەركردایەتی سیاسیی كەتەلۆنیا یارییەكەی سبەی چوارشەممە بۆ پرسی داوای سەربەخۆیی دەقۆزنەوە، چونكە ملیۆنان مرۆڤ لەسەر ئاستی جیهان بینەری ئەم یارییە دەبن.


پێرار كەتەلۆنیەكان لە ریفراندۆمێكی مێژووییدا دەنگیان بۆ سەربەخۆیی و دەرچوون لە ژێردەستەیی ئیسپانیەكان دا، بەڵام حكوومەتی مەدرید و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەوپەڕی خراپی مامەڵەی لەگەڵدا كرد.



باسنیوز
Top