ئێران: گەمارۆکان لە شەڕ قورسترن

ئێران: گەمارۆکان لە شەڕ قورسترن
وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند، گوشارە ئابوورییەکانی سەر ئێران لە گوشاری شەڕی نێوان عێراق و ئێرانیش قورسترن. بیژەن زەنگەنە ئاشکراشی کرد کە هیچ وڵاتێکی ئەوروپی و تەنانەت ئەو وڵاتانەش کە لەلایەن ئەمەریکاوە مۆڵەتیان پێدراوە ئامادە نین هیچ نەوتێک لە ئێران بکڕن.

گەمارۆکانی ئەمەریکا زووتر لەوەی چاوەڕێ دەکرا کاریگەریی لەسەر کەرتی نەوت و گازی ئێران داناوە و تەنانەت نزیکترین هاوپەیمانەکانی ئەم وڵاتەش ئامادە نین لەم بوارەدا هاوکاریی تاران بکەن.

بیژەن نامدار زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد تەنانەت کۆمپانیا چینی و رووسیەکانی ئامادە نین لە پڕۆژە نەوتیی و گازییەکانی ئێراندا بەشداربن.

لە پاش دەرچوونی ئەمەریکا لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی و کشانەوەی کۆمپانیا ئەوروپییەکان، کۆماری ئیسلامیی ئێران هیوادار بوو کۆمپانیا چینی و رووسییەکان جێگای ئەوان بگرنەوە، بەڵام کۆمپانیاکانی هەر دوو وڵات رایانگەیاندووە، بە هۆی گەمارۆکانی ئەمەریکا ناتوانن لە ئێران چالاکی بکەن.

بیژەن نامدار زەنگەنە، بە ئاماژە کردن بەوەی گوشارە ئابوورییەکانی سەر وڵاتەکەی لە گوشاری شەڕیش قورسترن گوتی: "هیچ وڵاتێکی ئەوروپی نەوتی ئێران ناکڕێت و تەنانەت ئیتالیا و یۆنان و عێراقیش کە لەلایەن ئەمەریکاوە بۆ ماوەیەک مۆڵەتیان پێدراوە ئامادە نین هیچ نەوتێک لە ئێران بکڕن و تەنانەت وەڵامی پەیوەندییەکانی ئێرانیش نادەنەوە".

عێراق مانگانە 200 ملیۆن دۆلار گاز لە ئێران دەکڕێت، ئێستا دوو ملیار دۆلار پارەی گازو کارەبای ئێران قەرزدارە، بەڵام لە پاش گەڕانەوەی گەمارۆکانی ئەمەریکاوە هیچ پارەیەکی بە ئێران نەداوە. بەغدای هاوپەیمانی تاران لە پڕۆژەی پەرەپێدانی ئەو پێنج گێڵگە نەوتییە هاوبەشەی لە نێوان دوو وڵاتدایە کشاوەتەوە و وەزیری نەوتی ئێرانیش پێی وایە نە عێراق ونە هیچ وڵاتێکی دیکە ئامادە نین خۆیان بە فیدای ئێران بکەن.

ئەمەریکا رایگەیاندووە، دەیەوێت بە گرتنە بەری سیاسەتی زۆرترین گوشار بۆ سەر ئێران، هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە بە تەواوی رابگرێت و بەمشێوەیەش سەرچاوە داراییەکانی ئێران بۆ پشتیوانی کردن لە تیرۆر وشک بکات. وەک وەزیری نەوتی ئێرانیش دەڵێ، ئەمەریکا لە کەمکردنەوەی هەناردەی نەوتی ئێران سەرکەوتوو بووە و ئەگەر تاران لەمەودوا بتوانێ نەوتەکەشی بفرۆشێ رێگایەکی نییە بۆ ئەوەی پارەی نەوتەکەی دەست بكەوێتەوە.





K24
Top