یەکێتی ئەوروپا زۆر نیگەرانە سەبارەت بە چالاکییەکانی ئێران لە بوارەکانی موشەکی بالیستیکیدا
بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، یەکێتی ئەوروپا لە بەیاننامەیەکی رایگەیاند، ئەنجومەنەکە زۆر نیگەرانە سەبارەت بە چالاکییەکانی ئێران لە بوارەکانی موشەکی بالیستیکیدا و داوا لە ئێران دەکات واز لەو چالاکییانە بهێنێت.
داوا لە ئێران دەکەین دەستبەرداری چالاکییە موشەکییەکانی بێت
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێران بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ زیادکردنی مەودا و وردبینی موشەکەکانی و لە هەمان کاتیشدا تاقیکردنەوەکانی زیاد کردووە، ئەم چالاکییانە کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە و دەبێتە هۆی نائارامی لە ناوچەکەدا".
ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ئێران تۆمەتبار دەکات بە فراوانکردنی بەرنامە موشەکییەکەی، ئەوەش سەرەڕای سەپاندنی سزاکانی واشنتۆن بەسەر ئێراندا.
لە بەیاننامەکەی یەکێتی ئەوروپادا هاتوە، "دەبێت ئێران دەستبەرداری ئەو چالاکییانە بێت کە پەیوەستن بەو موشەکانەوە کە لەتوانایاندا هەیە کڵاوەی ناوەکیی هەڵبگرن".
تاقیکردنەوە موشەکییەکان یاساکان پێشێل ناکەن
ئەوەش لەکاتێکدایە ئێران رایگەیاندوە، تاقیکردنەوە موشەکییەکانی یاساکان پێشێل ناکات، هاوکات رەتیدەکاتەوە موشەکەکانی لە توانایاندا هەبێت کڵاوەی ناوەکی هەڵبگرن.
2ی ئەم مانگە، بەبۆنەی یادی 40 ساڵەی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی، بەرپرسانی کۆمارى ئیسلامی ئێران دروستکردنی موشەکێکی درێژمەودایان ئاشکراکرد کە دوری هەزار و 300 کیلۆمەتر دەبڕێت.
ئەمیر حاتەمی وەزیری بەرگری ئێران رایگەیاندوە، ئەم موشەکە کاتێکی زۆر کەمی پێویستە بۆ ئامادەکردن و لەئاستێکی نزمیشدا دەهاویژرێت.
خەندان
