ترەمپ: حکوومەتی ئێران مەترسیدارترین سیستەم و تاکە هەڕەشەیە
سەرکۆماری ئەمریکا لەو چاوپێکەوتنەیدا یەک لەو بابەتانەی کە زیاتر لە دە جار ناوی دەهێنێت، ئێرانە و هاوکات ئێران بە وڵاتێکی مەترسیدار سەرچاوەی تیرۆریزمی جیهانی و تاکە هەڕەشە دەزانێت و دەڵێت: "ئەو سەربازانەمان کەلە سووریا دەکشێنەوە، لە عێراق جێگیر دەبن، چونکە مەبەستمە لە نزیکەوە چاوم لە ئێران بێت".
دۆناڵد ترەمپ دەڵێت: "ئێمە بۆ دروستکردنی بنکەیەکی سەربازی لە عێراق، پارەیەکی زۆرمان خەرج کردووە و دەمەوێت ئەو بنکە سەربازیەمان بمێنێتەوە، یەک لەو هۆکارانەی دەمەوێت ئەو بنکە سەربازیەمان لە عێراق بمێنێتەوە، ئەوەیە کە چاوێکم لەسەر ئێران بێت، چونکە ئێران کێشەی راستەقینە و سەرچاوەی کێشەکانە، ئەمە بۆچوونی منە کاتێ بوومە سەرۆکی ئەمریکا، یەکەم سەردانم بۆ پێنتاگۆن بوو، بۆ ئەوەی بزانم لەگەڵ ئێران چی ڕوو دەدات، پێیان وتم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەموو شوێنێک کێشەمان بۆ ساز دەکرێت، ئەو کێشانەش وڵاتی ژمارە یەکەمی تیرۆر لە هەموو جیهان دروستیان دەکات کە ئێرانە".
ترەمپ جەخت دەکاتەوە تاکوو بەتەواوی داعش لەناو نەچێت، ئەوان لە سووریا ناکشێنەوە، کاتێکیش کشانەوە، لە عێراق جێگیر دەبن، سەرکردە و بەرپرسانی حەشدی شەعبیش لە عێراق لەمە نیگەرانن و وەڵامی ترەمپ دەدەنەوە و دەڵێن ئامادەن بە هێز ئەمریکا لە عێراق بکەنە دەرەوە.
حەسەن کەعبی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرکۆنەی سیاسەتەکانی ترەمپ دەکات و ئاشکرای کردووە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق، کار بۆ دەرکردنی یاسایەک بۆ کۆتاییهێنان بە ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئەمریکا و دەکردنی سەرجەم هێزە ئەمریکی و بیانییەکان لە عێراق دەکات".
هاوکات سەباح سەعدی، سەرۆکی هاوپیەمانیی بنیاتنانەوە، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕای گەیاندووە: "ڕێگە بە دۆناڵد ترەمپ و هێزەکانی ئەمریکا نادەن عێراق لەپێناو هەڕەشەکردن بۆ سەر وڵاتێکی دیکە بەکار بهێنن و عێراق بکەنە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی کێشەکانی نێوانیان.
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، جدیەت و جیاوازی خۆیشی لەگەڵ سەرۆکەکانی پێشوو نیشان دەدات و پێی وایە ئەوەی کە کەس بیری لێ ناکاتەوە ئەو کارانە دەکات و گوتی: "سەرۆک ئۆباما هیچکات نەیویستووە لەسەر زەوی هێڵە سوورەکان ببەزێنێت، من تاکە سەرۆک بووم ئەو هێڵە سوورانەم بەزاند و 59 مووشەکی "تۆماهۆک"م ئاراستەی سووریا کرد، کاتێک سەرۆک ئۆباما ئەو کارەی نەکرد، لاوازییەکی زۆری نیشان دا. هاوکات لە عێراقیش کشایەوە، ئەوە هەڵە بوو باشە مانەوە لە عێراق هەڵەیە، بەڵام هەڵەی لەمە گەورەتر چوون بوو بۆ عێراق کە ئەوە گەورەترین هەڵەیەکە کە وڵاتەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردبێتی، کارمەندانی هەواڵگری لە ئەفغانستان دەمێننەوە، بەڵام ئەوانەی کە خۆم دایان دەنێم"
دۆناڵد ترەمپ لە درێژەی ئەم پرسەدا ئەوەشی خستە روو: "نەوەک ئەوانەی کە ئێران بە باخچەیەکی ساوای ناوازە نا بێنن، کە من سەداسەد پێچەوانەی ئەوان بیر دەکەمەوە".
سەرۆکی ئەمریکا پاساو بۆ ئەو ناڕەزاییانە دێنێتەوە لەگەڵ بەرپرسانی هەواڵگریی وڵاتەکەی سەبارەت بە ئێران کە هەفتەی پێشوو لە ئەنجومەنی سینا گوتبوویان ئێران پابەندی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بووە و ترەمپیش لە وەڵامی ئەواندا دەڵێت: "هیچ مەرج نییە ئەوەی هەواڵگرییەکان دەیڵێن من ئەوە کارە بکەم، چونکە هەر ئەو زانیارییە هەواڵگرییە هەڵانە بوون کە سەرۆک بووشیان بردە عێراق و حکوومەتی سەدامیان ڕووخاند گوایە چەکیۆ ئەتۆمیی هەیە کە ئێستا ئەمریکا تووشی شەڕێک بووە کە نەدەبوو هیچکات ئەو کارە بکات".
باسنیوز
