ئێران: دەبێ ئیسرائیل پێ لە بەڕەی خۆی زیاتر درێژ نەکات
بەپێی زانیاریی ماڵپەڕی (میهر) بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەرانبەر گوتە و هەڕەشەکانی بنیامین نتانیاهۆ کە ڕای گەیاندبوو دەبێ دەستبەجێ ئێران هێزەکانی لە سووریا بکشێنێتەوە، دەنا هێرشەکانمان بۆ سەر پێگەکانی ئێران زیاتر دەکەین، گوتی: "کۆماری ئیسلامی بنکە و هێزی سەربازیی ئاشکرای لە سووریا نییە و ئەوە پڕوپاگەندە و ئێمە تەنیا ڕاوێژکاری سەربازیمان هەیە".
بەهرام قاسمی راشی گەیاندووە: "باشتر وایە ئیسرائیل پێ لە بەڕەی خۆی زیاتر درێژ نەکات و قسەی نابەجێ و هەڵە بەسەر زاریدا نەیەت، چونکە ئێمە هیچ کات ڕێگەی بە هێرش و هەڕەشە بە ئیوە نادەین"
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەەوەی ئیران ڕاشی گەیاندووە: "هێزەکانی ئێران لە سووریا ڕاوێژکارین و ساڵانێکە لەسەر داوای فەرمیی حکوومەتی سووریا لەناو سوپا و بەرەی خەڵکدا بۆ ئازادکردنی خاکی داگیرکراوی ئەو وڵاتە چالاکی دەکەن".
هاوکات لە بەرانبەر قسەکانی بنیامین نتانیاهۆدا، محەمەدعەلی جەعفەری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران قسەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی بە پێکەنیناوی وەسف کردووە و بە ماڵپەڕی "سپانیوز"ی گوتووە: "کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سووریا ناکشێتەوە و ڕاوێژکارە سەربازییەکان و کەلوپەل و لۆجستیکی زیاتر بۆ بەهێزتکردنی "بەرگریی ئیسلامی" لەو وڵاتە زیاتر دەکات".
ئەم هەڕەشە و کاردانەوانەی بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی ئێران لە کاتێکدان کە لە چەند مانگی رابردوودا هێزی ئاسمانیی ئێسرائیل بە دەیان جار بنکە و پێگە سەربازییەکانی سوپای قودسی ئێرانیان لەناو خاکی سووریا کردووەتە ئامانج و ئێرانیش قەت دانی بەوەدا نەناوە کە بنکەی ئەوان بووبێت.
لە ساڵی 2011ەوە کە شەڕی ناوخۆیی سووریا دەستی پێکردووە، هێزەکانی سوپای پاسداران لە چوارچێوەی میلیشیاکانی "سوپای قودس، لەشکرەکانی فاتمیون و زەینەبیون، پارێزەرانی حەرەم" چوونەتە سووریا و بە هەزاران چەکداریان لەو وڵاتە کوژراون و ساڵانە سەدان ملیۆن دۆلار یارمەتیی ئەو وڵاتەش دەکەن.
باسنيوز
