سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا و یەشار گولەر، سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیا، کۆ دەبنەوە
سارە ساندەرز،گوتەبێژی کۆشکی سپی (کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەمریکا) رایگەیاندووە، رۆژی سێشەممە 15-1-2019، جەنەڕال جۆزێف دانفۆرد، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا و یەشار گولەر، سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیا، کۆ دەبنەوە.
بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، جۆزێف دانفۆرد و یەشار گولەر تاوتوێی پرسی کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا دەکەن.
سارە ساندەرز هیچ ئاماژەیەکی بە کات و شوێنی کۆوونەوەکە نەکردووە.
شەوی 19/12/2018، کۆشکی سپی (کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەمریکا) رایگەیاند، کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری گەڕاندنەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، داوە.
ئەو هێزە. ئەمریکییانە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش و بۆ مەشقکردن بە هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە)، لە رۆژئاوای کوردستان و رۆژهەڵاتی سووریا جێگری ببوون.
هەسەدە هێزێکی سەربازییە و بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پێکهاتووە. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوی باڵی سەرەکیی ئەو هێزەیە.
باسنيوز
