پۆلیس زانیاری لەبارەی تەقینەوەکەی پاریس دەدات
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 12-1-2019، تەقینەوەیەک لە شوێنێکی بازرگانی لە شەقامی تریفیزۆ لە پاریس رووی دا.
پۆلیسی فەرنسی لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) رایگەیاندووە، ئاگرێکی گەورە بەهۆی تەقینەوەکەوە دروست بووە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە خەریکی کوژاندنەوەین.
پۆلیس هەروەها رایگەیاندووە، تەقینەوەکە بەهێز بووە و سەرچاوەکانی هەواڵیش باس لەوە دەکەن، کە تەقینەوەکە بەهۆی تەقینی غازەوە، رووی داوە و بووەتە هۆی ئەوەی 20 کەس بریندار بن.
رۆژنامەی (لۆ پاریسیان)ی فەرەنسی لە زاری سەرچاوەکانییەوە بڵاوی کردووەتەوە، کە گازی فڕنێکی نان دزەی کردووە و بەهۆیەوە تەقینەوەکە رووی داوە و نهۆمی یەکەمی بالاخانەکە، بە تەواوی تێک چووە.
باسنيوز
