پۆمپیۆ گەشتەکەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست پێ دەکات

 پۆمپیۆ گەشتەکەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست پێ دەکات
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەشتەکەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست پێ دەکات و لێدوانێک لە بەرژەوەندیی کورد دەدات.



مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێش سەردانەکەی، بە میدیاکانی راگەیاندووە، تورکیا ”بەڵێنی پاراستن“ی شەڕڤانە کوردەکانی دوای کشانەوەی هیزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، داوە.



بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی (فرانس پرێس)، مایک پۆمپیۆ ئاماژەی بەوە داوە، کە خودی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنی پاراستنی شەڕڤانە کوردەکانی لە رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا وەرگرتووە.



بریارە ئەمڕۆ سێشەممە 8-1-2019، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەشتێک بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام بدات، کە تا رۆژی 15-1-2019 بەدەوام دەبێت و بەپێی بەرنامەی گەشتەکە، وڵاتانی میسر، سعودیە، عومان، بەحرێن، قەتەر، ئیمارات، کویت و ئوردن دەگرێتەوە.



هەرچەندە عێراق یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێشتا چەندین بنکەی سەربازیی ئەمریکی لێیە، بەڵام وەک لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەبینرێ، مایک پۆمپیۆ سەردانی عێراق ناکات و ئەو وڵاتە و بەرپرسانی حکوومەتەکەی فەرامۆش دەکات.



پێشتریش لە شەوی جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح (د. خ.) لە کۆتاییەکانی مانگی 12ـی 2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بە نهێنی گەیشتە عێراق و لە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار، لەگەڵ سەرباز و فەرماندەکانی وڵاتەکەی کۆ بووەوە.



دۆناڵد ترەمپ لەو سەردانەیدا بۆ عێراق، کە دوای گەیشتنی بە ئەڵمانیا هەواڵی سەردانەکەی ئاشکرا کرا، هیچ بەرپرسێکی عێراقی نەبینی و تەنانەت هیچ کام لەو بەرپرسە عێراقییانە ئاگاداری سەردانەکەش نەبوون.



باسنيوز
Top