بەرازیل کۆتایی بە دەسەڵاتی هێزە چەپەکان دێنێت

 بەرازیل کۆتایی بە دەسەڵاتی هێزە چەپەکان دێنێت
سەرکەوتنی لایەنە ڕاستگەرا و توندڕەوەکانی بەرازیل لە حکوومەتی نوێدا، دەربڕی ئەوەیە کابینەی نوێی ئەو وڵاتە بەتەمایە کۆتایی بە چالاکیی هێزە چەپەکان لەناو پێکهاتەی دەوڵەتدا بێنێ.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی (DW) کابینەی نوێی بەرازیل ڕاشکاوانە باس لە وەلانانی هێزە چەپەکان لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا دەکات و ئامانجیان پەراوێزخستنی کەسانی سەر بە حزب و لایەنە چەپەکانە و بەتایبەت چالاکوانانی حزبی کرێکاران کەلە ساڵی 2013ەوە تا 2016 دەسەڵاتدار بوون و ئێستا بوونەتە ئۆپۆزسیۆن.



گوتەبێژی حکوومەتی نوێی بەرازیل پاش یەکەم کۆبوونەوەی کابینەی نوێ باسی لە "پاککردنەوەی ناو ماڵ"ی حکوومەت و بەتایبەت فەرمانبەرانی خاوەن باوەڕی (کۆمۆنیستی و سۆسیالیستی) کردووە کە لەگەڵ ئایدیۆلۆژیای حکوومەتدا یەک ناگرنەوە، دەبێ دامودەزگاکان چۆڵ بکەن.



باس لەوە دەکرێت (ژایر بۆلسۆنارۆ) سەرکۆماری ڕاستگەرای بەرازیل، خۆی پرۆژەی وەلانانی هێزە چەپەکانی ناو حکوومەت و دامودەزگاکان سەرپەرشتی دەکات.



(ژایر بۆلسۆنارۆ) کە سێشەممەی هەفتەی پێشوو وەک سەرکۆماری نوێی بەرازیل سوێندی یاسایی خوارد، سیاسەتی ڕاستڕەوانەی گرتووەتە پێش و یەکێکە لە لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ و ڕاشکاوانە پشتگیری لە سەردەمی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی سەربازی لە بەرازیل دەکات، سەدەمێک کە تێیدا خۆی بە جلوبەرگی ئەفسەرییەوە خزمەتی ئەو وڵاتەی کردووە.



سەرکۆماری نوێی بەرازیل یەکێک لە یەکەم سەرۆکەکان بوو کە پشتیوانی لە دۆناڵد ترەمپ کرد کە بەتەمایە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە ئیسرائیل بۆ ئۆرشەلیم (بەیتولموقەدەس) بگوازێتەوە و لە پەیامێکی (تویتەری)دا ڕای گەیاند سەرقاڵی ئامادەکارین هەتا باڵیۆزخانەی بەرازیل لە "تەلئەبیب"ەوە بگوازێتەوە بۆ ئۆرشەلیم.




باسنیوز
Top