نەتەوە یەکگرتووەکان: لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی خاشقچی وەک پێویست بەڕێوەناچن
راڤینا شەمدەسانى، وتەبێژى نوسینگەى مافى مرۆڤى نەتەوە یەکگرتووەکان لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان داوای کرد لێکۆلێنەوەکان لە دۆسیەی جەمال خاشقچی بەشێوەیەکی بێلایەنانە و بە بەشداری نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەبچێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، "هەر لە سەرەتاى دۆسیەکەوە فشارمان دەکرد لە پێناو دادپەروەرى، داواشمان کردووە لێکۆڵینەوەکان بە بەشدارى نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامبدرێت و بێلایەن و سەربەخۆبێت، ئێمە ئاگادارى ئەو دادگاییەین کە لە سعودیە بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئەوە بە تەنیا بەس نیە".
لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەى بڕیارى لە سێدارەدان بۆ پێنج کەس لە تۆمەتبارانی دۆسیەی خاشقچی لە لایەن داواکارى گشتى سعودیەوە شەمدەسانى وتى، نوسینگەى نەتەوە یەکگرتووەکان هەمیشە سزاى لە سێدارەدانى ڕەتکردووەتەوە.
میدیاى ناخۆیى سعودیە لە سەرزارى داواکارى یاسایى گشتییەوە بڵاویکردووەتەوە، یەکەمین دانیشتنى دادگایى تۆمەتبارانى دۆسییەى خاشقچى لە رۆژى پێنجشەممە و لە ریازى پایتەختى سعودیە بەڕێوەچووە، کە 11 تۆمەتبار تێیدا ئامادەبوو و پێنج لەو تۆمەتبارانە لەسەر داواى بریکارى گشتى بریارى لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە.
جەمال خاشقچى کە یەکێک بوو لە ڕۆژنامەنوسانى واشینتۆن پۆست لە ٢ى تشرینی یەکەمى 2018 دا لە کونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستانبوڵ دیارنەما و دواتر و لە 19ی هەمان مانگدا بەرپرسانی کونسوڵخانەکە رایانگەیاند، لە رووداوێکدا خاشقچی گیانی لەدەستداوە، بەڵام تا ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.
بهپێی بهیاننامهی فهرمی داواكاری گشتی سعودیه، جهمال خاشقچی گیانی لهدهستداوهو هۆكارهكهشی شهڕی ناو كونسوڵخانهی سعودیه بووه له ئیستهنبوڵ، بەڵام تا ئێستا شوێنی تەرمەکەی نازاندرێت.
بەپێی وتەی بەرپرسانی تورکیا تەرمی جەمال خاشقچی لەناو کونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستانبوڵ پارچە پارچە کراوە و دواتر لەناو چەند کیسێکدا براوەتە دەرەوەی کونوسڵخانەکە.
لهلایهكی دیكهوه لهگهڵ راگهیاندنی مردنی خاشقی به فهرمی، جێگری سهرۆكی دهزگای ههواڵگری ئهو وڵاته له پۆستهكهی دوور خرایهوه، و ١٨ سعودیش له ئیستهنبوڵ دهستگیركراون.
خەندان
