دووەم سەرۆکی عەرەب سەردانی دیمەش دەکات

 دووەم سەرۆکی عەرەب سەردانی دیمەش دەکات
دووەم سەرۆکی عەرەب سەردانی دیمەشقی پایتەختی سووریا دەکات و لەگەڵ سەرۆکی رژێمی ئەو وڵاتە کۆ دەبێتەوە.

ئەحمەد جاروڵڵا، سەرنووسەری رۆژنامەی (سیاسە)ی کوێتی لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، محەمەد ولد عەبدولعەزیز، سەرۆکی مۆریتانیا لە 10ـی مانگی داهاتوو سەردانی دیمەشق دەکات.

هەروەک جاروڵڵا رایگەیاندووە، محەمەد ولد عەبدولعزیز لەگەڵ بەشار ئەسەدی سەرۆکی رژێمی سووریا کۆ دەبێتەوە و تاوتوێی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات دەکەن.

ئەحمەد جاروڵڵا هەروەها رایگەیاندووە، کە بەشار ئەسەد بەشداریی کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی لە تونس دەکات، کە بڕیارە لە مانگی ئاداری ساڵی داهاتوو، ئەنجام بدرێت.

لە ناوەڕاستی ئەم مانگە، عومەر بەشیر، سەرۆکی سوودان بە سەردانێکی رانەگەیەندراو گەیشتە دیمەشق و لەگەڵ بەشار ئەسەد کۆ بووەوە.

دوای دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لە سووریا، زۆربەی وڵاتانی عەرەبی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ رژێمی سووریا پچڕاند و لەو کاتەوەش سەرۆکی ئەو رژێمە بەشداریی هیچ کۆبوونەوەیەکی لوتکەی عەرەبی نەکردووە.

لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.

بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، جگە لە وێرانبوونی بەشێکی زۆری شار و ناوچەکان، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیھان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.










باسنيوز
Top