دۆناڵد ترەمپ بڕیاری کۆتایی لەبارەی چەکی هەسەدە دەدات
ئاژانسی (رۆیتەرز) لە زاری سێ فەرماندەی سەربازیی ئەمریکی، کە سەرپەرشتیی کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەیا لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا دەکەن، بڵاوی کردووەتەوە، پرۆژەکە پێشکەشی وەزارەتی بەرگری دەکەن و وەزارەتەکەش دەیداتە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی وڵاتەکەیان و ئەو بڕیاری کۆتایی لەبارەوە دەدات.
هەروەک ئەو ئاژانسە بڵاوی کردووەتەوە، لە پرۆژەکەدا داوا کراوە ئەو چەکانەی ئەمریکا لە شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش داویەتییە هەسەدە، دوای کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، ئەو چەکانە لە هەسەدە وەرنەگیرێنەوە.
چاوەڕێ دەکرێ ئەو پرۆژە و هەنگاوە ئەگەر جێبەجێ بکرێ، ببێتە هۆی ناڕەزایی توندی تورکیا، کە بەردەوام هەڕەشەی چوونە ناو خاکی رۆژئاوای کوردستان و تورکیا دەکات.
شەوی چوارشەممە 19/12/2018ش، کۆشکی سپی (کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەمریکا) رایگەیاند، کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری گەڕاندنەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، داوە.
ئەو هێزە. ئەمریکییانە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش و بۆ مەشقکردن بە هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە)، لە رۆژئاوای کوردستان و رۆژهەڵاتی سووریا جێگری ببوون.
هەسەدە هێزێکی سەربازییە و بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پێکهاتووە. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوی باڵی سەرەکیی ئەو هێزەیە.
باسنيوز
