ئیسرائیل چەند کۆگایەکی چەک و تەقەمەنیی لە نزیک دیمەشق کردە ئامانج

 ئیسرائیل چەند کۆگایەکی چەک و تەقەمەنیی لە نزیک دیمەشق کردە ئامانج
بەپێی زانیاریی میدیاکانی سووریا، شەوی رابردوو سوپای ئیسرائیل بە مووشەک کۆگایەکی چەک و تەقەمەنیی لە نزیک دیمەشقی پاتەختی سووریای کردووەتە ئامانج و سێ سەرباز بریندار بوون.



لەمبارەوە تەلەفزیۆنی فەرمیی سووریا بڵای کردەوە، شەوی ڕابردوو 2018.12.25 ئیسرائیل بەسەر ئاسمانی لوبناندا بە مووشەک کۆگایەکی چەک و تەقەمەنیی لە نزیک دیمەشق کردە ئامانج، کە لە ئەنجامدا سێ سەرباز بریندار بوو. ئاماژەی بەوە کردووە چەند مووشەکێکی ئیسرائیل لەڕێگەی قەڵغانی بەرگرییەوە تەقێندراونەتەوە.



ڕوانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤیش ئەم هەواڵەی پشتڕاست کردووەتەوە و ئاشکرای کردووە: "هێرشەکانی شەوی ڕابردووی ئیسرائیل سێ کۆگای چەک و تەقەمەنییان لە باشووری دیمەشق کردووەتە ئامانج کە دەگوترێ ئەو کۆگایانە هی حزبوڵای لوبنان بوون".



سوپای ئیسرائیلیش لە ئەکاونتی (تویتەر)ی خۆیدا نووسیویە: "قەڵغانی ئاسمانیی سوپای ئیسرائیل لە بەرانبەر مووشەکێکی دژە ئاسمانیدا کەلە سووریاوە هاوێژراوە، کاردانەوەی هەبووە".



ئەم هێرشەی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حزبوڵا و سوپای قودس لەناو خاکی سووریا، یەکەم هێرشی ئەو وڵاتەیە دوای بڕیای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە.



بنیامین نتانیاهۆ، سەرۆکوەزیری ئیسرائیل، چەند ڕۆژ لەمەوبەر و لە کاردانەوە بە بڕیارەکەی ترەمپ بۆ کشانەوە لە سووریا جەختی کردەوە: "ئۆپەراسیۆنی سوپای وڵاتەکەی لەدژی پێگە و ئامانجەکانی ئێراب زیاتر دەبێت، چونکە دوای ئەو بڕیارە ئێران هەوڵی بەهێزکردنی پێگەی خۆی دەدات".





باسنیوز
Top