میدیاکانی ئێران: بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێک لە چابەهار زیاتر لە 20 کەس کوژران

 میدیاکانی ئێران: بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێک لە چابەهار زیاتر لە 20 کەس کوژران
بەپێی زانیاریی میدیا فەرمییەکانی ئێران نیو کاتژمێر لەمەوبەر کۆمەڵێک چەکداری نەناسراو لە بەندەری (چابەهار) لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان لەبەردەم بنکەی پۆلیس ئۆتۆمبێلێکیان تەقاندووەتەوە و چوار کەس کەس کوژراون و 19 کەسیش بریندار بوون.



محەمەد و هادی مەرعەشی، جێگری سیاسیی و ئەمنیی پارێزگای سیستان و بەلووچستان، بە ماڵپەڕی (تەسنیم)ی ڕاگەیاندووە، ڕووداوەکە کاتژمیر 11ی ئەمڕۆ چوارشەممە 2018.12.6 بەکاتی ئێران ڕووی داوە و دوای تەقینەوەی ئەو ئۆتۆمبێلە کە چوار کەس تێیدا کوژراون و 19 کەس کە هەندێکیان کاسب و دووکاندارن بریندار بوون، تەقە لەناو شاری چابەهار بەردەوامە و لەناو کوژراوەکاندا فەرماندەیەکی سەربازی هەیە".



هاوکات قایمقامی چابەهار ڕای گەیاندووە: "بۆمەبەکە لەناو ئۆتۆمبێلێک لە جۆری نیسان پیکاب ڕووی داوە و فەرماندەی گشتیی هێزی (ئینتزامی) یان پۆلیسی چابەهار کوژراوە.



ڕۆژنامەنووسێک بەناوی "مساعد" لە چابەهارەوە کە لە نزیک ڕووداوەکەیە لە تۆڕی کۆەمڵایەتیی (تویتەر) بڵاوی کردووەتەوە دەڵێت جیا لە کوژرانی چوار کەس، هاوکات 19 کەسیش بریندار بوون.



پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران هەڵکەوتووە و زۆرینە پێڕەوی مەزهەبی سوننەن و نەتەوەی بەلووچن و بە گوتەی چالاکوانانی سیاسیی ئەو پارێزگایە، لەڕووی سیاسی و ئابووری و نەتەوەی و مەزهەبییەوە لەلایەن حکوومەتەوە بەرانبەریان هەڵاواردن دەکرێت و زیاتر لە دوو دەدەیەیە بزوونەتەوەی نەتەوەیی و مەزهەبی لەو پارێزگایە دەستی پێکردووە و ناو بەناو لەناو هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان و حکوومەت شەڕ و پێکدادان ڕوو دەدات.



بەندەری چابەهار یەکێک لە بەندەرە گرنگەکانی باشووری ئێرانە کە لەڕووی ئابووری و بازرگانییەوە پێگەی بەهێزی هەیە و تەنیا شار و بەندەرێکە کە ئەمریکا گەمارۆی نەخستووەتە سەری.



هەتا ئێستا لەبارەی ئەو گرووپە هێرشبەرە زانیاریی ورد بڵاو نەکراوەتەوە و هیچ لایەن و پارت و گرووپێک بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشەی نەگرتووەتە ئەستۆ.



باسنیوز
Top