ئەفغانستان: لە ئۆپەراسیۆنێکدا 100 چەکداری تاڵیبان کوژراون
ماڵپەڕی (کۆماری)ی ئەفغانستان لەمبارەوە بە پشتبەستن بە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی بەرگریی ئەفغانستان بڵاوی کردووەتەوە، لەو ئۆپەراسیۆنەدا 100 چەکداری تاڵیبان لە هەرێمی غەزنی کوژراون و 40 کەس لەو چەکدارانە خەڵکی پاکستان بوون.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەفغانستاندا هاتووە: "ئەو تیرۆریستانە لە ئەنجامی هێرش و ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و زەمینیی سوپای ئەو وڵاتە لە شارەکانی "گیلان، ناوە، خوگیانی و جاغوری" لە هەرێمی غەزنی کوژراون".
ماوەی دوو مانگە هێرش و تەقینەوە و توندوتیژییەکان لە ئەفغانستان زیادیان کردووە و بە بۆنەوە بە سەدان هاووڵاتیی سڤیل و هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە بوونەتە قوربانی، ئەم هێرشانە لە کاتێکدان کە ئەشرەف غەنی سەرکۆماری ئەفغانستان بە فەرمی داوای لە گرووپی تاڵیبان کردووە دانوستان و دیالۆگ بۆ ئاشتی دەست پێ بکەن.
دۆخی ئەمنی و ناسەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەفغانستان زۆر خراپە و بەپێی ڕاپرسیی "بنیادی ئاسیا" لەو وڵاتە 60٪ی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە لەو دۆخە نائومێدن و پێیان وایە وڵاتەکەیان تووشی قەیرانێکی قووڵ بووە و بەرەو چارەنووسێکی نادیار دەچێت.
باسنیوز
