ئەردۆغان داوای دیداری سەرکردەیەک دەکات

 ئەردۆغان داوای دیداری سەرکردەیەک دەکات
سەرۆک کۆماری تورکیا داوای دیداری سەرکردەیەکی باڵا دەکات و تەوەری کۆبوونەوەکەش دیاری دەکات.



بەپێی هەواڵێکی (سپۆتنیک)، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا پێشنیازی دیدارێکی دیکەی خۆی و ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیای فیدڕالی کردووە و رایگەیاندووە، ”لەو بڕوایەدام باشترە کۆبوونەوەیەکی دیکەی لوتکەی تورکیا و رووسیا ئەنجام بدەین“.



هەروەک سپۆتنیک بڵاوی کردووەتەوە، ئەردۆغان هۆکاری ئەو داوایەی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی رەوشی شاری ئیدلیب لە سووریا گێڕاوەتەوە، کە دوای رێککەوتنیان لەگەڵ رژێمی سووریا، دەیان گرووپی توندڕەوی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لەو شارە جێگیر بوون.



لە کۆتایی مانگی 10ـی 2018، سەرۆکانی تورکیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و رووسیا لە ئیستەنبوڵ کۆبوونەوە و تاوتوێی رەوشی شاری ئیدلیب و شەڕی ناوخۆیی سووریایان کرد.



دوای دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لە سووریا، رووسیا بە ناردنی چەک و سەرباز، پاڵپشتیی رژێمی سووریا و تورکیاش پاڵپشتیی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەکات.



لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.



بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیھان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.



باسنیوز
Top