ئەمریکا: ئێران مووشەکێکی مەترسیداری تاقی کردووەتەوە

 ئەمریکا: ئێران مووشەکێکی مەترسیداری تاقی کردووەتەوە
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کردووە بەمدوایانە ئێران مووشەکێکی بالستیکی تاقی کردووەتەوە کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمیی هەیە.



مایک پۆمپیۆ، لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دوێنێ شەممە 2018.12.1 ئاشکرای کردووە، تاقیکردنەوەی ئەو جۆرە مووشەکە لەلایەن ئێرانەوە دەتوانێ چەند بەشێک لە ئەورووپا و سەرجەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتە ئامانج کە پێشێلکردنی بڕیارنامەی 2231یە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە.



لە بەشێکی دیکە لە ڕاگەیەندراوەکەی پۆمپیۆدا هاتووە: "هەروەک پێشتریش چەند جار هۆشداریمان داوە، تاقیکردنەوە و پەرەدان بە چالاکیی مووشەکی لە ئێران بەردەوامە. ئەگەر بێت و نەتوانین لەمبارەوە پێش بە ئێران بگرین، لەگەڵ مەترسیی گرژی و ئاڵۆزی و بەریەککەوتنی زیاتر لە ناوچەکە بەرەوڕوو دەبین".



بڕیارانامەی 2231ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە پاش ڕێککەوتنی ڤیەن لە ساڵی 2015 لەگەڵ ئێران هاتە ئاراوە، داوا لە ئێران دەکات لە پەرەدان ەب چالاکیی مووشەکی کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ناوەکی هەیە، خۆی ببوێرێت.



هەرچەند ئێران لەمبارەوە ڕای گەیاندووە ئەو مووشەکانەی بەرهەمی هێناون، توانای هەڵگرتنی کڵاوە و چەکی ئەتۆمییان نییە و بە چالاکییە مووشەکییەکانی بڕیارنامەی 2231ی ئەنجومەنی ئاسایشی پێشێل نەکردووە و ئەو کارانە لەڕاستای بەرگریی ڕەوا دان.



ئەم هەوڵانەی ئێران چەندان جاری دیکە لەلایەن ئەمریکا، ئەورووپا و ئسیرائیل و بەگشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە ئیدانە کراون و بە مەترسییەک بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و جیهان لەقەڵەم دراون، بەڵام ئێران هەر لەم هەوڵانەی بەردەوامە.



بەڕای کاراناسانی سەربازی و چاودێرانی سیاسی ئەم هەوڵە سەربازی و پڕ مەترسییانەی ئێران دوای وەگەڕکەوتنەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا بپ سەر ئەو وڵاتە، دەربڕی ئەوەن کە ئێران دەیهەوێ بیسەلمێنێ گەمارۆکان کاریگەرییان لەسەر نەبووە، بەڵام لە بواری کۆمەڵایەتی و ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە کۆمەلگەی ئێران لە دۆخێکی ناجێگیر دایە.




باسنیوز
Top