جۆرج بوشی باوك كۆچی دواییكرد

جۆرج بوشی باوك كۆچی دواییكرد
جۆرج بوشی باوك سەرۆكی پێشووتری ئەمەریكا لە تەمەنی 94 ساڵی كۆچی دواییكرد.

لە راگەیندراوێکدا، جۆرج دەبلیو بوش، کۆچی دوایی بوشی باوکی راگەیاند و نووسیویەتی: "دوای 94 ساڵی پرشنگدار، بەناوی جیب، نێیل، مارڤین و دۆرۆ رایدەگەیەنم کە باوکمان کۆچی دوایی کرد".

جۆرج هۆربێرت وۆڵکەر بوش، لە ساڵی 1924 لە ویلایەتی ماساچوسێتسی ئەمەریکا لەدایکبووە و ساڵی 1989 بۆ 1993، 41هەمین سەرۆکی ئەمەریکا بووە.

وەک ئەندامێکی پارتی کۆمارییەکان، کاری سیاسی و سەربازیی وەک ئەندام کۆنگرێس، باڵیۆز و بەڕێوەبەری هەواڵگیری کردووە.

لەساڵی 1990 و لە دوای داگیرکردنی کوەیت لەلایەن سەددام حوسەینەوە، بوشی باوک سەرکردایەتی هێزێکی هاوپەیمانی نێودەڵەتی کرد بۆ وەدەرنانی سوپای عێراق لە کوەیت و تیایدا سەرکەوتوو بوو.

جۆرج دەبلیو بوشی کوڕیشی لە ساڵانی 2001 بۆ 2009 سەرۆکی ئەمەریکا بووە. بە هێرشکردنە سەر عێراق و لەناوبردنی رژێمی سەددام حوسەین، کاریگەری زۆری لەسەر عێراق، کوردستان و تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستکرد.




K24
Top