گەرێکی دیکەی دانوستاندنەکانی ئاستانە بەڕێوە دەچێت

 گەرێکی دیکەی دانوستاندنەکانی ئاستانە بەڕێوە دەچێت
سێ وڵات بە مەبەستی راگرتنی شەڕی ناوخۆیی سووریا، گەڕێکی دیکەی دانوستاندنەکانی ئاستانە بەڕێوە دەبەن.



کۆبوونەوەکانی گەڕی 11ـەهەمی ئاستانە ئەمڕۆ چوارشەممە 28/11/2018 لە ئاستانەی پایتەختی کازاخستان بە سەرپەرشتیی تورکیا، ئێران و رووسیا و ئامادەبوونی چاودێرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئوردن، بەڕێوە دەچێت.



لە دانوستاندنەکاندا، هەردوو لایەنی ئۆپۆزیسیۆن و رژێمی سووریا تاوتوێی پرسی پێکهێنانی لێژنەیەک بۆ داڕشتنەوەی دەستوورێکی نوێ بۆ وڵاتەکەیان، دەکەن.



وەزارەتی دەرەوەی کازاخستان رایگەیاندووە، ستیفان دی مستورا، نێردەی تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا سەرۆکایەتیی شاندی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات و دوا بەشداریشیەتی لەو دانوستاندنانە، چونکە کەسێکی دیکە لە شوێنەکەی دەستبەکار دەبێت.



لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.



بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیھان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.






باسنیوز
Top