ترەمپ: ئابووریی جیهان وێران ناکەم و لەگەڵ بن سەلمان کۆ دەبمەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاندووە، سعودیە هاوکاریی زۆری ئەمریکای کردووە بۆ جێگیرکردنی نرخی نەوتی جیهانی و لێدان لە ئابووریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆیە ئەو نایەوێ بە دەرخستنی هەلوێستی توند دژی ئەو وڵاتە، بەهۆی کەیسی کوژرانی جەمال خاشقچی، نووسەری سعودی، ئابووریی جیهان وێران بکات.
دۆناڵد ترەمپ، کە پێشتر پێی وابوو، ”ئەگەر زۆرە“ بۆ تێوەگلانی محەمەد بن سەلمان لە كوشتنی جەمال خاشقچی، رایگەیاندووە، لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی لوتکەی وڵاتانی G20 لە بۆینس ئایرس، ئەگەر محەمەد بن سەلمان ئامادەی بێت، ئەوا لەگەڵی کۆ دەبێتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە بۆ بەرزنەبوونەوەی نرخی نەوتی جیهانی و بۆ بەرژەوەندیی ئەمریکا و ئیسرائیل، ”ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە هاوبەشیکردن لەگەڵ سعودیە“.
جەمال خاشقچی، نووسەر، رۆژنامەنووس و هاووڵاتیی سعودیە لە ئیستەنبوڵ لە رۆژی 2/10/2018ـەوە ون بوو و دواتر لە رۆژی شەممە 6/10/2018، ئاژانسی (رۆیتەرز) لە زاری ژمارەیەک بەرپرسی تورکیا بڵاوی کردەوە، کە خاشقجی لەناو کونسوڵخانەی سعودیە کوژراوە.
دواى 18 ڕۆژ، له رۆژی شەممە 20/ 10/ 2018، ئاژانسی هەواڵی سعوودیی فەرمی، بڵاوی کردەوە، کە جەمال خاشقجی، لەگەڵ ژمارەیەک هاووڵاتیی وڵاتەکەی لەناو کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە ئیستانبوڵ بە دەست بەشەڕ هاتووە و دواتر بهو هۆیهوه، گیانى لهدهست داوه.
باسنيوز
