وەزیری دەرەوەی بەریتانیا سەردانی تاران دەکات
سەردانەکەی جێرەمی هەنت، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بۆ تاران، کە ئەمڕۆ دووشەممە 19/11/2018 ئەنجام دەدرێ، هاوکاتە لەگەڵ سەپاندنی چەندین سزا و گەمارۆی ئابووری لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر ئێران.
نووسینگەی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاندووە، جێرەمی هەنت لەگەڵ محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆ دەبێتەوە و جەخت لە پابەندیی وڵاتەکەی بە رێککەوتننامەی ناوکیی ئێران و وڵاتانی 5+1، دەکاتەوە، تا ئەو کاتەی ئێران پابەند دەبێت بە بناغەکانی رێککەوتنەکە.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران تاوتوێی هەوڵەکانی بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپا دەکەن بۆ سوککردنی سزاکانی سەر ئێران، بەتایبەت ئەو سزایانەی پەیوەندیدارن بە رێککەوتننامەی ناوکی.
دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.
شەوی 8/5/2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.
رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.
وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.
باسنيوز
