دۆناڵد ترەمپ: تا سێشەممە بکوژی خاشقچی دیاری دەکەین
دۆناڵد گترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا، رایگەیاند، رۆژی دووشەممە 19/11/2018 یان سێشەممە ئیدارەی وڵاتەکەی راپۆرتێکی تەواو لەبارەی کوژرانی جەمال خاشقچی، نووسەری سعودی، بڵاو دەکاتەوە.
دۆناڵد ترەمپ هەروەها رایگەیاندووە، لەو راپۆرتەدا، وڵاتەکەی بکوژی جەمال خاشقچی دیاری دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 18/11/2018، رۆژنامەی (واشنتن پۆست)ی ئەمریکی لە سەروتارەکەیدا رایگەیاندووە، کە سەرۆکی ئەمریکا هەوڵ دەدا بەرگریی لە ”درۆکان“ی محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە بکات.
هەروەک رۆژنامەکە باسی کردووە، ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا نایەوێ محەمەد بن سەلمان بە کوشتنی خاشقچی تۆمەتبار بکات، هەرچەندە دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (CIA) راگەیاندووە، بن سەلمان فەرمانی کوشتنی ئەو نووسەرەی وڵاتەکەی داوە.
جەمال خاشقچی، نووسەر، رۆژنامەنووس و هاووڵاتیی سعودیە لە ئیستەنبوڵ لە رۆژی 2/10/2018ـەوە ون بوو و دواتر لە رۆژی شەممە 6/10/2018، ئاژانسی (رۆیتەرز) لە زاری ژمارەیەک بەرپرسی تورکیا بڵاوی کردەوە، کە خاشقجی لەناو کونسوڵخانەی سعودیە کوژراوە.
دواى 18 ڕۆژ، له رۆژی شەممە 20/ 10/ 2018، ئاژانسی هەواڵی سعوودیی فەرمی، بڵاوی کردەوە، کە جەمال خاشقجی، لەگەڵ ژمارەیەک هاووڵاتیی وڵاتەکەی لەناو کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە ئیستانبوڵ بە دەست بەشەڕ هاتووە و دواتر بهو هۆیهوه، گیانى لهدهست داوه.
باسنیوز
