ئه‌ردوغان: هه‌ر سه‌ركرده‌یه‌ك گوێبیستی تۆماری ده‌نگی كوژرانی خاشوقچی، بووبێت، تووشی شۆك بووه
ئه‌م قسانه‌ی ئه‌ردوغان له كاتێكدا هاتوون، كه له ناو فڕۆكه‌ی گه‌ڕانه‌وه له پاریس بۆ وڵاته‌كه‌ی قسه‌ی بۆ رۆژنامه‌نووسان كرد و گوتی: "كوژرانی خاشوقچی پێشتر پلانی بۆ داڕ‌ێژرابوو و روون و ئاشكرایه فه‌رمانی كوشتنی له ده‌سه‌ڵاتدارانی باڵای سعوودیه‌وه ده‌ركراوه، به‌ڵام كارێكی شیاو نییه وا بیر بكه‌مه‌وه شا سه‌لمان كه زۆر رێزی لێ ده‌گرم، ده‌ستی له‌و كاره‌دا هه‌بووبێت".
ئه‌ردوغان ئاشكراشیكرد، "ئه‌و به سه‌رۆك تره‌مپی راگه‌یاندووه، كه زۆر گرنگه ناوی ئه‌و لایه‌نه ئاشكرا بكات كه فه‌رمانی كوشتنی خاشوقچی ده‌ركردووه و پێویست به گه‌ڕان ناكات بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سه، چونكه بكوژه‌كان له‌ناو ئه‌و 18 كه‌سه دان، كه له‌و دۆسیه تێوه‌گلاون و ده‌كرێت فشار بخرێته سه‌ریان، بۆئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی فه‌رمانی كوشتنه‌كه ئاشكرا بكه‌ن".
ئه‌ردوغان دووپاتیكرده‌وه، "هه‌ریه‌ك له به‌رپرسانی سعوودیه، ئه‌مه‌ریكا، فه‌ره‌نسا، كه‌نه‌دا، ئه‌ڵمانیا و ئینگلته‌را گوێبیستی تۆماره ده‌نگییه‌كه‌ی كاتی كوشتنی خاشوقچی بوونه و، هه‌واڵگه‌ری توركیا هیچ شتێكی له‌مباره‌یه‌وه نه‌شاردووه‌ته‌وه و نایشارێته‌وه".
سه‌رۆكی توركیا گوتی: "به‌رپرسانی سعوودیه كاتێك گوێبیستی ئه‌م تۆماره ده‌نگییه بوون، گوتوویانه: ئه‌مه زۆر ترسناكه و هه‌ركه‌سێك ئه‌و كاره‌ی كردبێت، هه‌ڵبه‌ته ده‌بێت هێرۆیینی به‌كارهێنابێت، چونكه هیچ كه‌سێكی ئاسایی ناتوانێت كارێكی له‌مجۆره دڕندانه بكات".
جێگای باسه، له 2ی ئوكتۆبه‌ری ئه‌مساڵ، خاشوقچی له باره‌گای كونسۆڵخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی له ئیسته‌نبوڵ كوژرا و دواتر ریاز دانی به‌وه‌دا نا، كه ژماره‌یه‌ك فه‌رمانبه‌ری وڵاته‌كه‌یان له‌و كه‌یسه تێوه‌گلاون، به‌بێ ئه‌وه‌ی تائێستا هیچ زانیاریێك له‌باره‌ی شوێنی ته‌رمی خاشوقچی ئاشكرا كردبێت.
K24-
