ئەردۆغان: بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانی بە ئەندامبوون لە یەکێتیی ئەوروپا

 ئەردۆغان: بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانی بە ئەندامبوون لە یەکێتیی ئەوروپا
سەرۆک کۆماری تورکیا رایدەگەیەنێت، کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێ لە هەوڵەکانی بە ئەندامبوون لە یەکێتیی ئەوروپا.



رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا وتارێکی لە رۆژنامەی (لۆفیگارۆ)ی فەرەنسی لە یادی 100 ساڵەی کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی یەکەم، بڵاو کردووەتەوە.



لە بەشێکی وتارەکەیدا، رەجەب تەییب ئەردۆغان بەڵێنی داوە دەوڵەتەکەی بەردەوام بێ لە هاوکارییەکانی بۆ حکوومەتە دیموکراتی و رزگاریخوازەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ بەرقەراربوونی ئاشتی.



سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆتایی وتارەکەیدا، ئاماژەی بە بەردەوامیی هەوڵەکانی وڵاتەکەی کردووە بۆ بوون بە ”ئەندامی تەواو“ لە یەکێتیی ئەوروپا و ئەو پرۆسەیەشی بە ”گرنگترین پرۆژەی ئاشتی“ لە مێژووی ئەوروپا ناوبردووە.



هەرچەندە تورکیا بەردەوام هەوڵی بوون بە ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا دەدات، بەڵام وڵاتانی یەکێتییەکە بە تایبەت ئەڵمانیا، دژایەتیی وەرگرتنی تورکیا لە یەکێتییەکەیان دەکەن، بەهۆی پێشێلکردنی مافی گەلی کورد و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان لە تورکیا.



جەنگی جیهانیی یەکەم لە 28ـی 7ـی 1914 دروست بوو و تا 11ـی مانگی 11ـی 1918 بەردەوام بوو.



لەو جەنگەدا، کە تێیدا دوور بەرەی هاوپەیمانان و وڵاتان شەڕیان دژی یەکتر کرد، زیاتر لە 38 ملیۆن و 880 هەزار سەرباز کوژران، برینداربوون و شوێنبزر بوون.



شەڕکەرەکان:



- هاوپەیمانان

لە چەند وڵاتێک و ئیمپراتۆرییەتێک پێکهاتبوو. فەرەنسا، بەریتانیا، ئوسترالیا، کەنەدا، هیندستان، نیوزیلەندا، باشووری ئەفریقیا، رووسیا، ئیتاڵیا، ئەمریکا، یابان، سڕبیا، بەلجیکا، یۆنان، پورتوگال و چەند وڵاتێکی دیکە.



- بەرەی دووەم

ئەڵمانیا، شانشینی باڤاریا، پروسیا، نەمسا، بولگاریا و ئیمپراتۆریەتی عوسمانی (تورکیای ئێستا).





باسنيوز
Top