ئیسرائیل باڵه‌خانه‌ی سه‌ره‌كی كه‌ناڵی ئه‌قسای سه‌ر به بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌له‌ستینی له كه‌رتی غه‌ززه، ته‌خت كرد.
هاوكات بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسیش به ئامانجگرتنی كه‌ناڵه‌كه‌یان به پێشێلكردنی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان وه‌سف ده‌كات و داواش له دامه‌زراوه نیوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌كات، كه به‌رگری له ئازادی راده‌ربڕین ده‌كه‌ن، وه‌ڵامێكی روونیان هه‌بێت.
به ئامانجگرتنی كه‌ناڵه‌كه دوای ئه‌وه دێت، كه ئیسرائیل تۆمه‌تباری كردووه به هاندانی فه‌له‌ستینییه‌كان بۆ هێرشكردنه سه‌ر هاووڵاتییانی ئیسرائیلی و بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری "ناڕاست".
له به‌رامبه‌ر ئه‌و هێرشانه‌ش، كه‌تیبه‌كانی عزه‌ددین قه‌سامی حه‌ماس وه‌ك وه‌ڵامێك ده‌یان مووشه‌كی ئاراسته‌ی ناو خاكی ئیسرائیل كردووه، رۆژنامه‌ی یه‌دیعوت ئهحرانوتی ئیسرائیلیش ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، به‌هۆی مووشه‌كه‌كانی حه‌ماس، به‌لای كه‌مه‌وه كه‌سێك كوژراوه و نزیكه‌ی 85ی دیكه‌ش برینداربوونه.
كه‌ناڵی "رووسیا توده‌ی" بڵاویكرده‌وه، له‌گه‌ڵ بۆردومانی ئاسمانی و تۆپخانه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر چه‌ند پێگه‌یه‌ك له‌ناو غه‌ززه، شه‌وی رابردوو، 12ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2018، هێزه‌كانی به‌رگری فه‌له‌ستین 80 مووشه‌كیان ئاراسته‌ی چه‌ند كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی نیشته‌جێبوونی ئیسرائیل كردووه.
وه‌ك یه‌كه‌م وڵاتیش، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا نیگه‌رانی خۆی به‌رامبه‌ر ئه‌و دۆخه‌ی نێوان ئیسرائیل و فه‌له‌ستین راگه‌یاند و داوای له هه‌ردوو لا كرد، ده‌ستبه‌جێ بۆردومانه‌كانیان بوه‌ستێنن.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، شانشینی ئه‌رده‌نیش داوای به ده‌نگه‌وه‌هاتنی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی ئاڵۆزییه‌كان و هێرشه‌كان له دژی غه‌ززه رابگیرێت.
هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و ئاڵۆزییانه‌ش، دوای تیرۆركردنی سه‌ركرده‌یه‌كی كه‌تیبه‌كانی عزه‌دین قه‌سام دێت به ناوی "نور به‌ره‌كه" له‌لایه‌ن هێزێكی تایبه‌تیش سوپای ئیسرائیل، كه تێیدا ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی فه‌له‌ستینی و ئه‌فسه‌رێكی ئیسرائیلیش گیانیان له‌ده‌ستدا.
باسنيوز
