هێرشێکی سێ لایەنە دەکرێتە سەر داعش و هەسەدەش بەشێکە لە هێزە هێرشبەرەکان

 هێرشێکی سێ لایەنە دەکرێتە سەر داعش و هەسەدەش بەشێکە لە هێزە هێرشبەرەکان
سێ لایەنی جیاواز هێرشێکی مووشەکی دەکەنە سەر رێکخراوی تیرۆریستی داعش لەناو خاکی سووریا.



روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، رۆژی دووشەممە 12/11/2018 فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بۆردومانی بنکەکانی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییەیان لە رۆژهەڵاتی رووباری فورات لە ناوچەی باغوز لە پارێزگای دێرەزوور کردووە.



هەروەک روانگەی سووری رایگەیاندووە، هاوکات لەگەڵ بۆردومانی هاوپەیمانان، هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە) و هێز و میلیشیا عێراقییەکانیش هەمان ناوچەیان لەناو خاکی سووریا، بە مووشەک تۆپباران کردووە.



لیوا قاسم ساڵح محەمەدی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرەی سوپای عێراقی رایگەیاندووە، تۆپخانەکانی سوپاکەی بە قوڵایی 15 کیلۆمەتر، بنکەکانی داعشیان لەناو خاکی سووریا تۆپباران کردووە.



هەسەدە هێزێکی سەربازییە و بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پێکهاتووە. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوی باڵی سەرەکیی ئەو هێزەیە.



باسنيوز
Top