پیلانی تیرۆرکردنی محەمەد بن سەلمان ئاشکرا دەبێت

 پیلانی تیرۆرکردنی محەمەد بن سەلمان ئاشکرا دەبێت
پیلانی تیرۆرکردنی شازادەی جێنشینی سعودیە ئاشکرا دەبێت، کە لە میسرەوە داڕێژراوە.

چاپی سعودیی رۆژنامەی (ئەلفەجر)ی میسری لە زاری ژمارەیەک بەرپرسی ئەمنییەوە بڵاوی کردووەتەوە، 20. چەکداری توندڕەو، کە سعودی و میسری بوون، لە نیمچە دوورگەی سینا لە میسر، پیلانی هێرشکردنە سەر سعودیایان دانابوو.

ئەو گرووپە، لەلایەن هەواڵگریی میسرییەوە ئاشکرا کراوە و ئاسایشی ئەو وڵاتە بە هەماهەنگیی هێزە ئەمنییەکانی سعودیە، دەستگیری کردوون.

هەروەک ئەو رۆژنامەیە باسی کردووە، گرووپە تیرۆریستییەکە پیلانیان دانابوو ژمارەیەک سەرکردەی عەرەبی بکوژن و محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیەش لەناو لیستی ئەو کەسانەدا بووە، کە گرووپە تیرۆریستییەکە پیلانیان بۆ کوشتنیان داناوە.

دەستگیرکراوەکان دانیان بە پیلانەکەیاندا ناوە و لیوا عەباس کامل، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی میسریش ە سەردانێکیدا بۆ سعودیە، دەقی دانپێدانانی ئەو چەکدارانەی داوەتە بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە.

محەمەد بن سەلمان (لە ساڵی 1985 لەدایک بووە)، لە ساڵی 2017 وەک شازادەی جێنشینی سعودیە دەست بەکار بووە. یەکێکە لەو سەرکردە عەرەبانەی، دژایەتییەکی سەرسەختی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەرژەوەندییەکانی دەکات.

دوای بوونی بە شازادەی جێنشینی سعودیە، محەمەد بن سەلمان بەردەوام جەختی لەوە کردووەتەوە، کە دەیەوێ لە 50 ساڵی داهاتوودا ببێتە شای وڵاتەکەی و رایگەیاندووە، ”تەنیا مردن لە سەرکردایەتیکردنی سعودیە لە 50 ساڵی داهاتوو، رێم لێ دەگرێت“.










باسنيوز
Top