نەسروڵڵا هەڕەشە لە سەعد حەریری دەکات
حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا رایگەیاندووە، دەبێ هەموو ئەو لایەنانەی لەژێر سایەی هاوپەیمانییەکەی ئەودان، لەناویاندا گرووپی 8ـی ئادار، بەشداریی حکوومەت بکەن.
حەسەن نەسروڵڵا هەڕەشەی ئەوەی لە سەعد حەریری، سەرۆک وەزیرانی ئێستا و راسپێردراو بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ئەو وڵاتە دەکات و رایگەیاندووە، ئەگەر لایەنەکانی ژێر سایەی هاوپەیمانیی حزبوڵڵا بەشدارییان پێ نەکرێ، ئەوا دەبێ حەریری لە سەرەتاوە دەست بە هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەتەکەی بکاتەوە.
ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا داوای لە حکوومەتی لوبنانیش کردووە، کە بەرگەی گوشارە دەرەکییەکان لەبەرامبەر مووشەکەکانی حزبەکەیدا بگرێت، چونکە ”حزبوڵڵا دەستبەرداری سیستەمی بەرگری و چەکی خۆی نابێت“.
حزبوڵڵا میلیشیایەکی شیعەمەزهەبی لوبنانییە. حەسەن نەسروڵڵا چەندین جار ئاماژەی بەوە کردووە، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران پاڵپشتیی سەربازیی و داراییان دەکات.
رۆژی شەممە 6/5/2018، دوای نۆ ساڵ لە ئەنجام نەدانی، هەڵبژاردنی پەرلەمانی لوبنان بەڕێوەچوو.
رۆژی 24/5/2018، سەرۆک کۆماری لوبنان سەعد حەریری بۆ پێکهێنانی کابینەی حکوومەتی وڵاتەکەی، راسپارد، بەڵام وەک میدیا لوبنانییەکان باسی دەکەن، حزبوڵڵا بەردەوام تەگەرە دەخاتە بەردەم پێکهێنانی حکوومەت.
لوبنان وڵاتێکی عەرەبییە و کەوتووەتە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لە هەرسێ پێکهاتەی عەرەبی سوننە، عەرەبی شیعە و مەسیحی پێک دێت و پۆستە سیادییەکان بەپێی عورفێک بەمشێوەیە یەکلا کراونەتەوە؛
- سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ پێکهاتەی مەسیحی
- سەرۆکایەتیی وەزیران بۆ پێکهاتەی سوننەمەزهەب
- سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ پێکهاتەی شیعەمەزهەب
بەهۆی ناکۆکیی سیاسیی و دەستوەردانی وڵاتانی دەرەکی، لە ساڵی 1975 تا 1990 شەڕی ناوخۆیی لەنێوان پێکهاتەکان دروست بوو و بووە هۆی کوژرانی 120 هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە ناوخۆی وڵاتەکە.
باسنیوز
