میری کوێت پێشوازیی لە کچە کوردێکی ئێزدی دەکات

 میری کوێت پێشوازیی لە کچە کوردێکی ئێزدی دەکات
میری کوێت پێشوازیی لە کچە کوردێکی ئێزدیی چالاکوانی مافی مرۆڤ دەکات.

رۆژی پێنجشەممە 8/11/2018, رۆژنامەی (رۆژنامە)ی کوێتی بڵاوی کردووەتەوە، کە میر سەباح ئەحمەد جابر ئەلسوباح، میری کوێت، پێشوازیی لە نادیە موراد، کچە کوردی ئێزدیی چالاکوانی مافی مرۆڤ و هەڵگری خەڵی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی 2018، کردووە.

میر سەباح پەسنی هەوڵەکانی نادیە مورادی کردووە بۆ خستنەڕووی توانە دژە مرۆڤایەتییەکان لە شەڕەکاندا و رایگەیاندووە، ”ئەوەی بەسەر تۆدا هاتووە، ئاسان نەبووە، بەرگەی ئەشکەنجە و ئازاری زۆرت گرت“.

میری کوێت هیوی خواستووە ئەو کچە کوردە ئێزدییە بیر لە رابردوو نەکاتەوە، تەنیا بیر لە داهاتوو بکاتەوە، کە ”داهاتووێکی باش دەبێت بە پشتیوانیی خوای گەورە“.

نادیە موراد، کچە کوردی ئێزدی رۆژی هەینی 5/10/2018، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەرگرت.

نادیە موراد کچە کوردێکی ئێزدیی خەڵکی گوندی کۆجۆ لە سنووری شاری شنگالە. دوای داگیرکردنی شنگال لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە لە کۆتایی 2014، هاوشێوەی هەزاران ژن و کچی دیکەی کوردی ئێزدی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندرا.

نادیە (تەمەن 25 ساڵ)، بە هەوڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەژێر دەسەڵاتی داعش رزگار کرا و دواتر بۆ وەرگرتنی چارەسەری دەروونی، گەیەندرایە ئەڵمانیا.

لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریاوە دزەیان کردە ناو خاکی عێراق و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.









باسنيوز
Top