ترەمپ: گەمارۆ نەوتییەکانی ئێران بە ئارامی جێبەجێ دەکرێن
سەرکۆماری ئەمریکا لەمبارەوە ڕای گەیاند لەبەر پاراستنی بازاری نەوت و پێشگیری لە شۆکی بازری نەوت و نرخەکان، بڕیارمان داو گەمارۆ نەوتییەکانی ئێران بە لەسەرەخۆیی و قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێ بکرێت و لەمبارەوە پەلە ناکەین.
دۆناڵد ترەمپ لەبارەی نیگەرانییەکان لە زیادبوونی لەناکاوی نرخی نەوت گوتی: "ئێمە قورسترین سیستەمی گەمارۆ و سزامان بەسەر ئێراندا سەپاندووە، بەڵام لەبارەی گەمارۆ نەوتییەکانەوە بەتەماین بە هێواشی بچینە پێش و نامانەوێ لەناکاو بازاری نرخی نەوت لە دنیا بگۆڕێ و لەمبارەوە چەند وڵاتێک بەخشراون لەوانە چین، هیند، تایوان، یۆنان و تورکیا چونکە چەند وڵاتێکیان قەبارەی هاوردەی نەوتی ئێرانیان کەم کردووەتەوە و بەپێی مەرجەکانی ئەمریکا دەجووڵینەوە.
دوێنێ دووشەممە 2018/11/5 گەڕی دووەمی گەمارۆ و سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کە کەرتەکانی نەوت، وزە، کەشتیوانی، بازرگانی دەگرێتەوە دەستیان پێکرد و بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریکا زیاتر لە 700 کەسایەتی و دامەزراوەی سەر بە ئێران گەمارۆیان خراوەتە سەر.
لە بەرانبەردا حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری ئێران ڕای گەیاندووە ئامانجی ئەمریکا لە گەمارۆکان سزاران و نائومیدکردنی خەڵکە، بەڵام لەم شەڕە ئابوورییەدا ئێمە سەردەکەوین و ئەمریکا بە ئامانجەکانی خۆی ناگات و ئێران درێژە بە بەهێزیی خۆی دەدات و هاوکات سوپای پاسدارانیش لە ڕۆژی دەسپێکی گەمارۆکدان ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەنجام دا و بەڕای چاودێرانی سیاسی ئەمە بەو واتایەیە کە ئێران نایهەوێ ملکەجی داخوازەکانی ئەمریکا ببێت و ڕەفتارەکانی ناگۆڕێت.
باسنيوز
