دوای دوو كاتژمێری تر ئەمەریکا "تووندترین" سزا بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت

دوای دوو كاتژمێری تر ئەمەریکا
ئەمڕۆ دووشەممە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سزا دارایی و نەوتییەکانی سەر ئێران دەگەڕێنێتەوە کە یەکێک لە ئامانجەکانی رێگریکردنە لە باڵادەستبوونی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، وردەکاری سزاکان ئەمڕۆ کاتژمێر 4:30ی پاشنیوەڕۆ بە کاتی هەولێر، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوە و ستیڤن منوشین، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی سازدەکەن و وردەکانی سزاکانی سەر ئێران دەخەنەڕوو.

ئەو سزایانەی ئەمەریکا کە لە ساڵی 2015 لەسەر ئێران هەڵگیرا دەگەڕێندرێنەوە، جیا لە سزا کۆنەکان، واشنتن سزا بەسەر 300 دامەزراوەی نەوت، کۆمپانیای گواستنەوە، بانک و سیستمی دڵنیایی ئێرانی دەسەپێنێت.

لە دوای کشانەوەی لە رێککەوتنامەی ئەتۆمی، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا، ئەو رێککەوتنامەیەی بە "خراپترین" رێککەوتنامەی ئەمەریکا ناوبرد. پۆمپیۆش چەند جارێک دووپاتیکردۆتەوە کە "تووندترین" سزا بەسەر ئێراندا دەسەپێنن.

ئەو 12 مەرجەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران دایناوە:

1- رێگا بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بدرێت کە تەواوی زانیارییەکان لەسەر چالاکی سەربازیی پرۆگرامە ئەتۆمییەکانی پێشوو بزانێت و دەبێت ئێران بە تەواوی دەست لەو جۆرە چالاکییانە هەڵبگرێت.

2- واز لە پیتاندن بهێنێت و هەرگیز هەوڵی دووبارە بەکارهێنانی پلوتۆنیۆم نەدات وە تیشکدەرەوە ئاوییەکانی دابخات.

3- رێگا بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیی بدرێت بچێتە سەرانسەری پێگە ئەتۆمییەکان لە ئێران.

4- کۆتای بە زیاکردنی مووشەکە دوورهاوێژەکانی بهێنێت و گەشەدان بە سیستمی مووشەکی ئەتۆمیی رابگرێت.

5- هەموو هاووڵاتیانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی ئەمەریکا ئازادبکرێن لە زیندان.

6- کۆتای بە پشتگیری گروپە تیرۆرستییەکانی وەک حزبوڵڵا، حەماس و گروپە جیهادییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێنێت.

7- هەموو هێزەکانی لە سووریا بکشێنێتەوە.

8- واز لە پشتگیریکردنی تاڵیبان و گروپە تیرۆرستییەکانی ئەفغانستان و ئەلقاعیدە بهێنێت.

9- کۆتای بە هەڕەشەکانی بەرامبەر بە هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا بهێنێت کە وڵاتانی سعودییە، ئیمارات و ئیسرائیلیش دەگرێتەوە، هەروەها هێرش لە رێگای پۆستی گەیاندن و ئینتەرنێت نەکات.

10- رێز لە سەروەری عێراق بگرێت و رێگا بدات میلیشیا شیعەکان هەڵبوەشێندرێنەوە.

11- دەبێت سوپای قودس دەست لە پاڵپشتیکردنی باڵەکانی لە تەواوی جیهان بهێنێت.

12- پشتگیری حوسییە یاخییەکانی یەمەن نەکات و هەوڵی بەرقەرارکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە یەمەن.








K24
Top