لە هێرشێکی داعشدا لە سنووری مووسڵ شەش سەربازی سوپای عێراق كوژران

 لە هێرشێکی داعشدا لە سنووری مووسڵ شەش سەربازی سوپای عێراق كوژران
ئەفسەرێکی لە سوپای عێراق ئاشكرای كردووە، ژمارەیەك چەكداری داعش توانیویان دزە بكەنە نێو سنووری عێراق و لە ناوچەیەكی نزیك (رەبیعە) لە رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا و ھێرشیان كردووە سەر بنكەیەكی سەربازیی سوپای عێراق.



رائید كەریم عوبەیدی، ئەفسەری سوپای عێراق بە میدیاکانیشی ڕاگەیاندووە، لە ئەنجامی ئەو ھێرشەی داعش 6 سەربازی سوپای عێراق كوژراون.



ئاماژەی بەوەش داوە، كە لەو شەڕ و پێكدادانەی نێوان چەكدارانی داعش و سەربازانی عێراق 2 چەكداری داعش كوژراون.



بە گوتەی ئەو ئەفسەرەی سوپای عێراق، چەكدارانی داعش بەرەو شوێنێكی نادیار ھەڵاتوون.



ئەمە لە كاتێكدایە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو چەكدارانی داعش لە چەند ناوچەیەكی عێراق بە شێوەی گرووپ دەركەوتوونەتەوە و لە ھەندێك ناوچەش دەستیان بە تەقینەوە و ھێرش كردووەتە.



سەرهەڵدانەوەی داعش لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق لە کاتێک دایە ئەمریکا زەخت و گوشارێکی زۆری بۆ حکوومەتی عێراق هێناوە کە دەبێ میلیشیا شیعەکان و بەتایبت حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنەوە و لەژێر ڕکیفی ئێران دەربهێندرێن و هەندێ چاودێری سیاسی لەو باوەڕە دان، ئەم جموجۆڵانەی چەکدارانی داعش ڕێک خراون و پیلانێکی خودی حەشدی شەعبییە بۆ درێژەدان و مانەوەی خۆیان.



باسنیوز
Top