دانیمارک باڵیۆزی خۆی لە تاران کشاندەوە

 دانیمارک باڵیۆزی خۆی لە تاران کشاندەوە


وەزیری دەرەوەی دانیمارک دوێنێ سێشەممە ڕای گەیاند پاش پووچەڵکردنەوەی پیلانێکی تیرۆریستیی ئێران بۆ هێرش لەو وڵاتە، باڵیۆزی خۆی لە تاران کشاندووەتەوە.



ئەندرس ساموئلسن، لە پرێس کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا گوتی کە وڵاتەکەی لە کاردانەوە بەو هەوڵەی ئێران بۆ ئەنجامدانی هێرشیکی تیرۆریستی، لە هەواڵی ئەوە دایە تاکوو یەکێتیی ئەورووپا بە قەناعەت بگەیەنێت گەمارۆ نوێ لەدژی تاران بگرێتە بەر.



وەزیری دەرەوەی دانیمارک ڕاشکاوانە کۆماری ئیسلامیی بەوە تاوانبار کرد: "پشت ئەو پلانەوەیە، بۆیە باڵیۆزی وڵاتەکەی لە تاران کشاندووەتەوە، چونکە وڵاتی ئێمە بە هیچ لەونێ قەبووڵ ناکات کەسانی سەر بە تۆڕی هەواڵگریی ئێران لەدژی کەسانێک لە دانیمارک پیلان دابڕێژن".



ئەندرس ساموئلسنئەوەشی ئاشکرا کردووە هاوکات مورتەزا مورادیان باڵیۆزی ئێرانیان لە کۆپنهاک بانگ کردووەتە وەزارەتی دەرەوە و زۆر "ڕاشکاوانە و جدی"پێیان ڕاگەیاندووە کە ئەم پرسە لەلای ئەوان زۆر گرنگە و بە هیچ جۆرێک قەبووڵ ناکرێت.



هاوکات لارس لوک ڕاسموس، سەرۆکوەزیری دانیمارک کاردانەوەیەکی توندی لە بەرانبەر ئەو پیلانەی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران نیشان دا و ڕای گەیاند کە ئەم پرسە دەبەنە یەکێتیی ئەورووپا.



پێشتر تۆڕی هەواڵگریی دانیمارک ڕای گەیاندبوو پۆلیسی ئەو وڵاتە هاووڵاتییەکی ئێرانی دانیمارکی دەستگیر کردووە کە بەتەما بوون لەگەڵ تۆڕە هەواڵگرییەکانی ئێران کەسێکی دژبەری ئێران لەو وڵاتە تیرۆر بکەن.



دەگوترێت ئەو کەسە پاسپۆرتی نەرویجی پێ بووە و بەتەما بووە یەکێک لە سەرکردەکانی "بزووتنەوەی ئەلئەحواز" بەناوی حەبیب جەبەر، چالاکوانی سیاسیی ئەهواز لە دانیمارک تیۆرۆ بکات.



لە بەرانبەردا بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەو ڕووداوەی دانیمارک و گوتەی بەرپرسانی ئەو وڵاتەی ڕەت کردەوە و ئاشکرای کردووە ئەو تۆمەتانە "پیلانێکن لەلایەن دوژمنانەوە بۆ کاریگەری دانان لەسەر پەیوەندییەکانی ئێران و یەکێتیی ئەورووپا" کە دایان ڕشتووە.




باسنیوز
Top