وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ سەردانی تورکیا دەکات
بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەشداری لە شەشەمین کۆبوونەوەی وڵاتانی تورکیا، ئێران و ئازەربایجان ئەمڕۆ دووشەممە 2018/10/29 سەردانی ئەنقەرە دەکات و لە پەراوێزی ئەو کۆبوونەوەیەدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆ دەبێتەوە.
هەرچەند پێشتر تورکیا بەهۆی ئەو کێشە و ململانێیانەی کە لەگەڵ ئەمریکا هەیبوو، جەختی دەکردەوە بەو گەمارۆ ئابوورییانەی کە ئەمریکا خستوویەتە سەر ئێران پەبەند نابێت و لە هاوردەی نەوتی ئێران بەردەوام دەبێت.
ئەم سەردانەی محەمەدجەواد زەریف، بۆ ئەنقەرە لە کاتێک دایە کە بەهۆی گوشار و گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، عێراق بڕیاری داوە لەمەودوا نەوتی کەرکووک بۆ ئێران ڕابگرێت و لەڕێگەی بۆریی هەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی بەندەری جەیهانی تورکیا بکرێت و بەم کارەش ئیدی تورکیا پێویستی بە هاوردەی نەوتی ئێران نامێنێت و لەمبارەوە هەم حکوومەتی عێراق و هەم تورکیا بەم کارە قازانج دەکەن، هەرچەند هەرێمی کوردستان لەمبارەوە داهاتی نابێت، بەڵام لەڕووی سیاسی و پەیوەندیی دیپلۆماسییەوە لەگەڵ تورکیا قازانج دەکات.
باسنيوز
