ئەمڕۆ لە ئیستەنبۆڵ كۆبوونەوەیەی لووتكەی چوار وڵات لەبارەی سووریا ساز دەکرێت
ئاژانسەكانی هەواڵی توركیا بڵاویان كردەوە، كە لەسەر داوای ئەردۆغان ئەو كۆبوونەوە لووتكەیە لە نێوان تورکیا، فەرەنسا، ڕووسیا و ئەڵمانیا ساز دەکرێت و ئامانجیش لێی گەیشتنە بە ڕێككەوتنی كۆتایی لەبارەی دۆخی ئاڵۆزی سووریاوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە دۆزینەوەی ڕێگەیەكی ئاشتیانە دەكرێت بۆ كۆتاییهاتن بە شەڕی ناوەخۆی سووریا، هەروەها كۆتاییهێنان بە گرووپی تیرۆریستی داعش و هاوشێوەكانی.
هاوکات لەبارەی چۆنیەتیی بونیادنانەوەی ئەو شارانەی سووریا کە بە هۆی شەڕەوە وێران بوون و ژیانی تێدا ئەستەم بووە، گفتوگۆ دەكرێت، هەروەها بابەتی ئاوارەكانیش تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە دەبێت، بەتایبەت چۆنیەتیی گەیاندنی هاوكاری بۆیان لەو ناوچانەی سووریا كە كەمپیان بۆ كراوەتەوە.
ئۆپەراسیۆنی ئیدلبیش تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكە دەبێت، بە تایبەت ئەو ڕێككەوتنەی 17ی ئەیلوول لە نێوان توركیا و ڕووسیا ئیمزا كراوە بۆ چۆنیەتیی ئیدارەدانی ئەو شارە، هەروەها چەككردنی ئەو گرووپانەی لەناو ئیدلب باڵادەستن.
باسنیوز
