فەرەنسا دیپلۆماتێکی حکوومەتی ئێرانی دەرکرد
ئاژانسی (ڕۆیتێرز) لەمبارەوە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە حکوومەتی فەرەنسا دیپلۆماتێکی ئێرانی بەهۆی دەست هەبوون لە کردەوەی تێرۆریستیی لە کۆبوونەوەی موجاهدینی خەڵق لە پاریس لە وڵاتی خۆی دەرکرد.
25 ڕۆژ لەمەوبەر حکوومەتی فەرەنسا لە ڕاگەیەندراوێکدا دەست بەسەرداگرتنی داراییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران و دوو هاووڵاتیی دیکەی ئێرانی کە گومانی ئەندامبوونیان لە تۆڕە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێران لەسەر بووە، ڕاگەیاند.
لەم ڕاگەیەندراوەدا کە بە شێوەیەکی هاوبەش لە لایەن وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی ئابووریی وڵاتی فەرەنساوە بڵاو کراویەوە، جەخت لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تیرۆریزم بە تایبەتی لە خاکی ئەم وڵاتەدا کرایەوە.
ئەم سێ وەزارەتخانەیە لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەیاندا نووسیویانە: "هەوڵی هێرشێکی تیرۆریستی لە "ڤیوپۆنت" لە ڕێکەوتی ٣٠ ژوئەن پووچەڵ کرایەوە، بەڵام ڕووداوێکی لەم چەشنە ناتوانێت بێ سزا تێبپەڕێت".
داراییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و ئەو دوو هاووڵاتییە ئێرانییە بەهۆی ڕووداوە تیرۆریستییەکەی ڕێکەوتی ٣٠ی ژوئەن بۆ سەر کۆبوونەوەی ڕێکخراوی موجاهدینی خەڵق و تۆمەتباربوونیان بە هەبوونی دەست لەم ڕووداوەدا، دەستی بەسەردا گیرا.
باسنيوز
