ئیسرائیل سێ بنکەی حەماس بۆردومان دەکات

 ئیسرائیل سێ بنکەی حەماس بۆردومان دەکات
فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل سێ بنکە و بارەگای بزووتنەوەی بەرگریی ئیسلامیی فەلەستینی (حەماس) بۆردومان دەکات.



سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، سەرلەبەیانیی رۆژی شەممە 27/10/2018، فڕۆکە جەنگییەکانیان سێ بنکە و بارەگای ”تیرۆری“ی حەماسیان لە کەرتی غەززە بۆردومان کردووە.



هەروەک سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، بۆردومانەکە وەک وەڵامێک بووە بۆ تۆپبارانکردنی ناوچە جوولەکەنشینەکان بە 14 مووشەک لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە، کە رۆژی هەینی ئاراستەی ئیسرائیلیان کرد.



لە بەیاننامەکەدا، سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لەو 14 مووشەکەی ئاراستەی کۆمەڵگە جوولەکەنشینەکان کراون، هێزەکانیان توانیویانە 10 مووشەک لە ئاسمانەوە بپێکن و بخەنە خوارەوە.



حەماس حزبێکی ئیسلامیی فەلەستینییە. لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پاڵپشتیی دارایی و سەربازی دەکرێت و لە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی ئەمریکا دایە.





باسنیوز
Top