ئەنجومەنی ئاسایش داوای کۆبوونەوەی لێژنەی داڕشتنەوەی دەستووری سووریا دەکات

 ئەنجومەنی ئاسایش داوای کۆبوونەوەی لێژنەی داڕشتنەوەی دەستووری سووریا دەکات
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوای کۆبوونەوەی لێژنەی داڕشتنەوەی دەستوورێکی نوێ بۆ سووریا، دەکات.



رۆژی هەینی 26/10/2018، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە نیویۆرک کۆبوونەوەیەکی ساز کرد و تێیدا داوای لە ستافان دیمستورا، نێردەی تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا کرد، لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا لێژنەی داڕشتنەوەی دەستووری نوێی سووریا کۆ ببێتەوە.



ستافان دیمستورا، کە بە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی ڤیدیۆیی بەشداریی کۆبوونەوەکەی کردووە، رایگەیاندووە، هەفتەی رابردوو لە دیمەشق لەگەڵ وەلید موعەلیم، وەزیری دەرەوەی رژێمی سووریا کۆ بووەتەوە و موعەلیم پێدانی رۆڵی دیاریکردنی لایەنی سێیەم لە لێژنەی داڕشتنەوەی دەستوورێکی نوێی بە نەتەوە یەکگرتووەکان، رەت کردووەتەوە.



تا ئێستا رژێمی سووریا و ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە لەچوارچێوەی هەوڵەکانی راگرتنی شەڕی ناوخۆیی، رێک کەوتوون لەسەر دروستکردنی لێژنەیەکی دوو قۆڵی بۆ داڕشتنەوەی دەستوورێکی نوێ بۆ ئەو وڵاتە.



لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.



بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیھان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.





باسنیوز
Top