ئه‌ردۆغان: ئەگەر ئێمە توركپەرستی بكەین كوردیش مافی خۆیانە كوردپەرستی بكەن

ئه‌ردۆغان: ئەگەر ئێمە توركپەرستی بكەین كوردیش مافی خۆیانە كوردپەرستی بكەن
ئەمڕۆ سێشەممە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیا لە وتارێكیدا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەكەیدا بەتوندی ڕەخنەی لە گێڕانەوە سیستەمی گوتنەوەی سوێندی توركپەرستان بۆ قوتابخانەكانەی توركیا گرت و رایگەیاند ئەگەر ئێوە توركپەرستی بكەن، ئەوا كوردیش مافی خۆیەتی كوردپەرستی بكەن.


ئەردۆغان گوتی "من توركم، بەڵام توركپەرستی ناکەم. ئەگەر ئێمە تورکپه‌رستى بکەین، ئەوا مافی کوردیشە، کوردپه‌رستى بکەن".


ئەو وتانەی ئەردۆغان وەک ناڕەزایەتییەک دێت لە بڕیارێكی رەگەزپەرستانەی دادگاى باڵای تورکیا، کە بڕیاری داوە جارێکی دیکە هەموو بەیانییەك لە قوتابخانەكانی توركیادا سروودی سوێندی نەتەوەپەرستی بخوێندرێ، هەموو بەیانییەک هەموو قوتابیەكی توركیا بەكورد و توركەوە بڵێن سوێند بەتوركبوونمەوە دەخۆم.


سەرکۆماری تورکیا لە وتارەكەی ئەمڕۆیدا بەتوندی دژی ئەم بڕیارە وەستایەوە و گوتی "من تورکم، بەڵام تورکپەرستی ناکەم، تورکبوون و تورکپەرستی جیاوازە. ئاینەکەمان رەگەزپەرستی قەدەخە کردووە، رەگەزپەرستی تێدا نییە. هەموو نەتەوەیەک دەتوانێت شانازی بەناسنامەی خۆیەوە بکات. چ تورک، چ کورد و تەواوی نەتەوەکانی دیکە دەتوانن شانازی بەناسنامەی خۆیانەوە بکەن، بەڵام نابێ رەگەزپەرستی بکەن".


دووپاتیشی كردەوە "ئەگەر ئێوە تورکپەرستی بکەن، ئەوا مافی هاووڵاتیانی کوردیشە کوردپەرستی بکەن. هەر بۆیە دەبێ تورک و کورد بەیەکەوە شانازی بەناسنامەکانیان بکەن، بەڵام نابێ رەگەزپەرستی بکەن".


ئه‌ردۆغان سه‌باره‌ت به‌سروودى سوێندى توركپه‌رستانیشەوە ئاماژه‌ى به‌وه‌ كرد "ئەم سوێندەی قوتابیان کەسێکی رەگەزپەرست نووسیویەتی و هی سەردەمی كۆن و تاكڕەوی جەهەپەیە، ئێستە كاتی ئەوە نەماوە و توركیا دیموكراسیە، ئێمە جگە لە سوێندی نەتەوەیی تورکیا، هیچ سروودێکی دیکە ناناسین".
bas news -
Top