میلیشیا ئێرانییەکان لە رۆژئاوای فورات جێگیر دەبن

 میلیشیا ئێرانییەکان لە رۆژئاوای فورات جێگیر دەبن
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایدەگەیەنێت، کە میلیشیا ئێرانییەکان لە رۆژئاوای رووباری فورات لە سووریا کۆ دەبنەوە و خۆیان جێگیر دەکەن.



لە بەیاننامەیەکدا، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، هێز و میلیشیا ئێرانییەکان لە هەزاران چەکدار پێک هاتوون و جگە لە رووی سەربازی، دەست لەکاروباری ئەمنیی و ئابووریی سووریاش وەردەدەن.



روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەش کردووە، کە میلیشیا ئێرانییەکان لە رۆژئاوای رووباری فورات بەتایبەت لە شارەکانی ئەلبوکەمال و مەیادین لە پارێزگای دێرەزوور لە سەر سنووری نێوان عێراق و سووریا، جێگیر بوون.



لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ناردنی چەک و چەکدار، پاڵپشتیی رژێمی سووریا دەکات.



لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.



بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیھان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.





باسنيوز
Top