چوار کەس کاندیدن بۆ وەرگرتنی پۆستی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا
بڕیارە کارەکانی ستیفان دیمستورا وەک نێردەی تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا لە کۆتایی مانگی 11ـی 2018 کۆتایی پێ بێت، چونکە خۆی رایگەیاندووە، لە کۆتایی مانگی 11دا دەست لەکار دەکێشێتەوە.
ستیفان دیمستورا لە کۆتایی ماوەکەی لەو پۆستەدا، خەریکی پێکهێنانی لێژنەیەکە بۆ داڕشتنی دەستوورێکی نوێ بۆ سووریا، کە هەردوو لایەنی شەڕکەر و پێکهاتەی کورد (ئۆپۆزیسیۆن، رژێمی سووریا و کورد) لەسەری هاوڕا بن.
ستیفان دیمستورا سێیەم نێردەی تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانە لە سووریا، دوای دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لەو وڵاتە. پێش دیمستورا، هەریەکە لە کۆفی ئەنان و ئەخزەر ئیبراهیمی ئەو پۆستەیان بەڕێوە دەبێت.
بەپێی زانیارییەکان، چوار کەس خۆیان بۆ وەرگرتنی پۆستی نێردەی تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا، کاندید کردووە، کە بریتین لە:
- نیکۆڵای میلادینۆڤ، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پرۆسەی ئاشتی لە نێوان فەلەستین و ئیسرائیل لە 2015 و وەزیری پێشووی دەرەوەی بولگاریا.
رووسیا و رژێمی سووریا بە پێدانی ئەو پۆستە بە میلادینۆڤ رازی نین، چونکە پێیان وایە لە ئەمریکا نزیکە و ناتوانێ بێلایەنیی خۆی بپارێزێ..
- یان کۆبیش، نێردەی تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و وەزیری پێشووی دەرەوەی سلۆڤاکیا.
ئەمریکا بە وەرگرتنی ئەو پۆستە لەلایەن کۆبیش رازی نییە، چونکە پێی وایە لە رووسیاوە نزیکە.
- رەمتان لەعمامرە، وەزیری پێشووی دەرەوەی جەزائیر.
ژمارەیەک وڵاتی رۆژئاوایی بە وەرگرتنی ئەو پۆستە لەلایەن لەعمامرە رازی نین، چونکە لە رژێمی سووریاوە نزیکە و گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای بە تیرۆریست ناوبردووە.
- گێیر پێدەرسۆن، نوێنەری پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان لە ساڵانی 2005-2008 و باڵیۆزی پێشووی نەرویج لە چین.
هەردوو لایەنی وڵاتانی رۆژئاوا و رووسیا بە وەرگرتنی ئەو پۆستە لەلایەن پێدەرسۆن رازی نین، بەڵام وەک چارەسەرێکی مامناوەندی، بۆ ئەو پۆستە کاندید کراوە.
لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.
بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیھان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.
باسنیوز
