نەتانیاهۆ: بەردەوام دەبین لە بۆردومانکردنی بنکەکانی دوژمن لە سووریا

 نەتانیاهۆ: بەردەوام دەبین لە بۆردومانکردنی بنکەکانی دوژمن لە سووریا
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایدەگەیەنێت، کە فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکەی بەردەوام دەبێ لە بۆردومانکردنی بنکەکانی دوژمنەکانی وڵاتەکەی لە سووریا.



بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە، ئەو هەڵوێستەی وڵاتەکەی بە ماکسیم ئاکیمۆڤ، جێگری سەرۆک وەزیرانی رووسیا گەیاندووە، هەرچەندە رووسیا سوور بێ لەسەر پێدانی مووشەکی دژەئاسمانیی S300 بە رژێمی سووریا.



بنیامین نەتانیاهۆ هەروەها رایگەیاندووە، لە روانگەی بەرگریکردن لە خود، بوونی مووشەکی دژەئاسمانی لە سووریا نابێتە رێگر لەبەردەم فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکەی بۆ بۆردومانکردنی بنکە و بارەگاکانی ئێران و میلیشیای حزبوڵڵای لوبنانی لە سوروریا.



فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەندین جار بنکە و بارەگاکانی حزبوڵڵای لوبنانی و میلیشیا ئێرانییەکانیان لە سووریا بۆردومان کردووە.



لەسەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، ئێران بە ناردنی چەک و میلیشیای چەکداری هاوکاریی رژێمی سووریا لە دژی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەکات.



لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.



بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیھان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.






باسنیوز
Top