سەرۆكی ئینتەرپول دەستی لەكاركێشایەوە
ئینتەرپول كە ناوەندەكەی لە شاری لیۆنی فەڕەنسایە، رایگەیاند كە مینگ ھۆنگڤی، سەرۆكی ئێستای ئینتەرپول دەستی لەكاركێشاوەتەوە.
بەپێی ئەو راگەیەنراوەی بەناوی سكرتارییەتی گشتی ئینتەرپول بڵاوكراوەتەوە، "دوێنێ یەكشەممە، سكرتاریەتی گشتی ئینتەرپول لە شاری لیۆنی فەڕەنسا دەستبەجێ بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەی مینگ وەرگرتووە".
ئاماژە بەوەشكراوە، "بەپێی یاساكانی ئینتەرپول تا دیاریكردنی سەرۆكێكی نوێ، كیم جۆنگ یۆنگ كە بەرەگەز خەڵكی كۆریای باشوورە وەك بە تەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ئینتەرپول ئەركەكەی وەرگرتووە و لە 18-21ی تشرینی دووەم لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتی لە وڵاتی ئیمارات سەرۆكێكی نوێ ھەڵبژێردرێت".
چەند رۆژێك پێش ئیستا هەواڵی بێسەروشوێنبوونی مینگ بڵاوبووەوە و لێكۆڵینەوەی پێویست لەمبارەیەوە دەستیپێكردبوو.
پێشتریش كۆمسیۆنی چاودێری و جڵەوگیری ناوەندی پارتی كۆمۆنیستی چینی رایگەیاندبوو، كە جێگری وەزیری ئاسایشی گشتی چین و سەرۆكی ئینتەرپول، مینگ بە گومانی پێشێلكردنی یاساكان لە ژێر لێكۆڵینەوەدایە.
پێنجی تشرینی یەكەمی رابردوو، ئینتەرپول رایگەیاندبوو، كە مینگ لە كۆتایی مانگی ئەیلوولی رابردوو لە فەرەنساوە سەردانی چینی كردووە و لەو كاتەوە هیچ زانیارییەك لەبارەیەوە نازانرێت.
مینگ هۆنگڤی، سەرۆكی ئێستای ئینتەرپول لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2016 ەوە بە سەرۆكی ئینتەرپول ھەڵبژێردرا، لە كۆتایی مانگی رابردووەوە بێسەروشوێنە و دوێنێ چین رایگەیاند، مێنگ ھۆنگوی، لەلایەن ئەو وڵاتەوە بە تۆمەتی پێشێلكردنی یاسا دەستبەسەركراوە.
خەندان
