پەرلەمانی ئێران پەیوەستبوونی ئەو وڵاتەی بە ڕێککەوتننامەی CFT پەسەند کرد

 پەرلەمانی ئێران پەیوەستبوونی ئەو وڵاتەی بە ڕێککەوتننامەی CFT پەسەند کرد
ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆبوونەوەی فەرمیی پەرلەمانی ئێراندا، گەڵاڵەی پەیوەستبوونی ئێران بە کۆنوانسیۆن (ڕێککەوتننامە)ی CFTکە هەوڵێکی نێودەوڵەتییە بۆ بەرەنەگاربوونەوەی دابینکردنی سەرچاوە داراییەکانی تیرۆریزم، بە فەرمی پەسەند کرا.



بەپێی زانیاریی (خانەی میللەت) لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ یەکشەممە 2018/10/7ی پەرلەمانی ئێراندا ئەو پرسە بە 143 دەنگی بەڵێ و 120 دەنگی دژبەر ئەو پرۆژەیە پەسەند کراوە و بۆ پەیوەسبتوونی ئێران بە کوانسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی دابینکردنی سەرچاوە داراییەکانی تیرۆریزم (CFT) ڕەوانەی کۆمسیۆنی دەرەوەی پەرلەمان، حکوومەت و وەزارەتی دەرە کراوە.



هەرچەند ئێران پێشتر بۆ پەیوەستبوون بەو ڕێککەوتنامەیە چەند مەرجێکی دیاری کردبوو کە یەکیان دەرهێنانی ئێرانە لەو لیستە ڕەشەی کە وەک گرووپی تایبەت بە دابینکردنی سەرچاوەی داراییەکانی تیرۆر (FATF) ناسێندراوە.



کۆنوانسیۆن (ڕێککەوتننامە)ی نیودەوڵەتیی بەرەنگاربوونەوەی دابینکردنی سەرچاوە داراییەکانی تیرۆریزم (CFT) ڕێککەوتنێکی نیودەوڵەتییە بۆ بەرەنگاربوونەی تیرۆر لە هەموو شوێنێکی جیهان کە پاش ڕووداوی 11ی سێپتەمبەر و پرسی دابینکردنی دارایی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان هاتووەتە گۆڕێ .



ئێران بۆ ئەوەی لە لیستەی ڕەشی (FATF) (گرووپی تایبەت بە داینکردنی سەرچاوەی دارایی) بهێندرێتە دەرەوە، دەبێ سەرەتا لە (CFT) ببێتە ئەندام و ئەم هەوڵەی ئێران بۆ ئەو دەسکەوتەیە.



ئەمریکا و ئیسرائیل ئێران و بەتایبەت سوپای پاسداران و فەیلەقی قودسی سەر بە سوپا بە دابینکەری سەرچاوەی دارایی و سەربازیی هەندێ لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان و میلیشیاکان لە عێراق، سووریا، لوبنان، کەرتی غەزە و یەمەن لەقەڵەم دەدەن و بۆ ئەم مەبەستەش چەند سزایەکی نێودەوڵەتیی بەسەردا سەپێندراوە.




باسنیوز
Top