په‌رله‌مانى توركيا ده‌ستى سوپاى بۆ له‌شكركێشى تا ساڵێكى ديكه واڵا كرد
ئاژانسى هه‌واڵده‌رى توركيا، ئه‌نادۆڵ، بڵاويكرده‌وه، به زۆرينه‌ى ده‌نگ په‌رله‌مان رازى بوو سوپا بۆ يه‌ك ساڵى ديكه ده‌ستى واڵا بێت بۆ ئه‌نجامدانى ئۆپراسيۆنى سه‌ربازى له سنووره‌كانى عێراق و سووريا.
بۆ يه‌كه‌مجار له 2007دا په‌رله‌مانى توركيا بڕياريدا ده‌ستى سوپا بۆ ئه‌نجامدانى كرده‌وه‌ى سه‌ربازى له خاكى عێراق واڵا بكات.
له 2012دا په‌رله‌مانى توركيا، سوورياشى خسته پاڵ عێراق و رێگه‌ى به سوپادا كرده‌ى سه‌ربازى له‌و وڵاته ئه‌نجام بدات.
په‌رله‌مانى توركيا به پاساوى پاراستنى ئاسايشى نه‌ته‌وه‌يى توركيا رێگه‌ى به سوپا داوه ده‌ستتێوه‌ردانى سه‌ربازى له ناو سنوورى ئه‌و وڵاتانه ئه‌نجام بدات.
سوپاى توركيا له 10ى ئازار/ مارسى رابردووه‌وه پرۆسه‌يه‌كى سه‌ربازى دژى پارتى كرێكارانى كوردستان له سنووره‌كانى عێراق ده‌ستپێكردووه.
له سه‌ره‌تاى ئهمساڵيشهوه، سوپاى توركيا له‌شكركێشى كردووه‌ته سه‌ر خاكى سووريا و دواى 58 رۆژ شه‌ڕ و پێكدادان له 19ى ئازار/ مارسى ئه‌مساڵدا توانى شارى عه‌فرين له رۆژئاواى كوردستان داگيربكات.
له ساڵانى 2016 و 2017دا سوپاى توركيا له ناو خاكى سووريا ئۆپراسيۆنێكى سه‌ربازى به ناوى قه‌ڵغانى فورات ئه‌نجامداوه.
k24 -
